نێردەكەی ترەمپ لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە پەیامێك بەعێراق دەدات

عیراق

22 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2323 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێردەکەی ترەمپ بۆ عێراق ئاشكرایكرد،  یەکێتی و هاوکاریی نێوان دەسەڵاتدارانی فیدراڵی و هەرێمیی عێراق دەکات و دەشڵێت،" عێراق وڵاتێکی محوەرە لەناوچەکەداو دەبێت رۆڵی سروشتیی خۆی بگێڕێت لەبرەودان بەئاشتی، ئاسایش و، سەقامگیریی هەرێمایەتی".

مارک ساڤایا، نێردەیەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە بۆ عێراق، ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی هاتنی بۆ عێراق بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،" سەرکردایەتیی عێراق لەسێ ساڵی ڕابردودا هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ گەیاندنی وڵاتەکە بەئاراستەیەکی دروست، چ لەڕوی سیاسی و چ لەڕوی ئابوریشەوە."
 
دەشڵێت،" عێراق دەستی کردوە بەدوبارە دەرکەوتنەوە وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەرییە دەرەکییەکان، خستنە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی شەرعییەوەو کردنەوەی بازاڕەکانی بەڕوی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا بۆ یارمەتیدان لەئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدانی ژێرخانی لاوازی وڵاتەکە".
 
هاوکات وتیشی،" هێشتا تەواو نەبوەو عێراق هێشتا پێویستی بەپشتیوانیی بەردەوامە بۆ مانەوە لەسەر ئەم رێچکەیە." 

نێردەکەی ترەمپ ڕاشیگەیاند،" حکومەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەڕونی ڕایگەیاندوە کەهیچ شوێنێک نییە بۆ گروپە چەکدارەکان کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کاربکەن."
 
مارک ساڤایە دەڵێت،" سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراق پەیوەستە بەهەبونی هێزێکی ئەمنیی یەکگرتوو لەژێر فەرماندەیی یەک حکومەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، یەکگرتوو لەژێر یەک ئاڵا دا کە نوێنەرایەتیی هەموو عێراقییەکان بکات. بەبێ ئەم یەکێتییە، سەروەری و پێشکەوتنی عێراق لەمەترسیدا دەمێنێتەوە."
 
لەپەیامەکەی دا نێردەکە داوای عێراقێکی "تەواو سەروەر، دور لەدەستێوەردانی دەرەکیی زیانبەخش، لەوانەش ئێران و میلیشیاکانی کردو وتی کە ئەمە "پابەندبون بەخزمەتکردنی هاوڵاتییانی و ژیان بەئاشتی لەگەڵ دراوسێکانیدا دەگرێتەوە بۆ دڵنیابون لەئاسایشێکی درێژخایەن، گەشەی ئابوری و یەکگرتویی نیشتمانی."
 
لەڕاگەیەیەندراوەکەدا مارک داوای "یەکێتی و هاوکاریی نێوان دەسەڵاتدارانی فیدراڵی و هەرێمیی عێراق" دەکات.
 نێردەکەی ترەمپ باس لەوە دەکات کە "عێراق وڵاتێکی محوەرە لەناوچەکەداو دەبێت رۆڵی سروشتیی خۆی بگێڕێت لەبرەودان بەئاشتی، ئاسایش و، سەقامگیریی هەرێمایەتی." 
 
جەختیش دەكاتەوە، كەنابێت بگەڕێتەوە بۆ لڕابردوو یان شێوازێک بگرێتەبەر کە رێگر بێت لەپێشکەوتن و یەکێتی." 
مارک ساڤایە  لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا نێردە تایبەتەکە پشتڕاستی کردەوە کە "ئەوە ئەرکی منە، لەبری سەرۆک ترەمپ، بۆ بەشداریکردن لەگەڵ عێراق و پشتگیریکردنی بەردەوامبونی لەپەیڕەوکردنی سەقامگیری، سەروەری و خۆشگوزەرانی."
 
نێردەكەی ترەمپ ئەوەشی دوپاتكردەوە، عێراق هێشتا بایەخێکی زۆری هەیە بۆ ناوچەکەو بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانیش. بەیەکێک لەبەهێزترین و بەنرخترین هاوبەشەکانی ئەمریکا دەمێنێتەوەو من پابەندم بەزیاتر بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە لەگەڵ وەرگرتنی ئەم ڕۆڵە شەرەفمەندانەیە وەک نێردەی تایبەت."
 
ڕاگەیەندراوەكەی  بەدروشمی "با عێراق دوبارە گەورە بکەینەوە" (MAKE IRAQ GREAT AGAIN) کۆتایی هاتوە.