کۆمسیۆن تەواوبونی سەرجەم ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی گشتیی و تایبەتی ڕاگەیاند

عیراق

21 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 108 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند کە سەرجەم ئامادەکارییە هونەری و لۆجستییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە وادەی دیاریکراودا تەواو کردووە، ئاماژەی بەوەشدا کە ناوەندەکانی دەنگدان و کۆگاکانی ئامادەن و ڕاهێنانی کارمەندەکانیشی تەواو کردووە.

 
حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆن، ڕایگەیاند کە دەنگدانی تایبەت لە 9ی تشرینی دووەم و دەنگدانی گشتیی لە 11ی هەمان مانگ بەڕێوەدەچێت. ڕوونیشی کردەوە کە ژمارەی کارمەندانی دەنگدان گەیشتووەتە 230 هەزار کەس لە کارمەندانی دەوڵەت، خوێندکاران و دەرچووان، کە بەپێی سیستەمێکی ڕاهێنانی هەڕەمی مەشقیان پێکراوە.

وتیشی، کە ماددە هەستیار و ناهەستیارەکانی هەڵبژاردن، لەوانە کامێرا و ئامێرەکان، 72 کاتژمێر پێش ڕۆژی دەنگدان دابەش دەکرێن. جەختیشی کردەوە کە کۆگاکانی سەرجەم پارێزگاکان بە تەواوی پارێزراون بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، کە قوتابخانەکان وەردەگرن و دەیانپارێزن پێش ئەوەی ڕادەستی کۆمسیۆنی بکەن بۆ ئامادەکردنیان وەک بنکەی دەنگدان.

هەروەها ڕوونیشی کردەوە کە ژمارەی ناوەندەکانی دەنگدانی تایبەت 800 ناوەندە لە کۆی نزیکەی 8000 ناوەندی دەنگدانی گشتی، کە یەکەمیان 4500 وێستگە لەخۆدەگرن لە بەرامبەر 39,800 وێستگە لە دەنگدانی گشتیدا.

زایر ئاماژەی بەوەدا کە کۆمسیۆن سوودی لە ئەزموونەکانی پێشوو وەرگرتووە لە کۆنترۆڵکردنی کاتەکان، و کاتی ماوەتەوە بە تەواوی بەسە بۆ جێبەجێکردنی پلانی وەرگرتن و دابەشکردن بەپێی خشتە دیاریکراوەکان بەبێ هیچ دواکەوتنێک.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی