وەزارەتی پلاندانان مەرجەكانی هاوردەكردنی ئوتۆمبێل دەگۆڕێت

عیراق

17 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 879 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکرد، لەسەرەتای ساڵی  تازەوە، مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ستانداردی عێراقی تایبەت بەئۆتۆمبێلی هاوردە جێبەجێ دەکرێت.


بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، ژمارەی ئۆتۆمبێل لەعێراق گەیشتوەتە هەشت ملیۆن، ساڵانەش نزیکەی 200 هەزار ئۆتۆمبێل بەفەرمی هاوردەی عێراق دەکرێت.

فەیاز محەممەد عەبد، سەرۆکی دەزگای کۆنترۆڵی جۆری لەوەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند،"  لە 1-1-2026 ـەوە، عێراق بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادات بەهاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوی سوتاو نوقمبوو، یان ئەو ئۆتۆمبێلانەی  توشی ڕوداو زیانی گەورە بوبێتەوە.

سەرۆكی دەزگای كۆنتڕۆڵی جۆری، ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە دەکرێن لەگەڵ پێداویستییەکانی کەشوهەوای عێراق گونجاوبن و مەرجی ڕەنگ، جۆری ئۆتۆمبێل و وڵاتی بەرهەمهێن گرنگ نییە.

ڕونیشی کردەوە،  کاتێک بازرگانێک 1000 ئۆتۆمبێل هاوردەی عێراق دەکات، دەبێت هەموو زانیارییەکانی ئەو ئۆتۆمبێلانە لەسیستەمێکی تایبەت بەوەزارەتیی پلاندانان تۆمار بکات، دواتر لەڕێگەی بەشی ئۆتۆمبێلەکانەوە لە دەزگای ناوەندیی چاودێری ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکرێت و دوای پشکنین و دڵنیابوون لە گونجانی ئۆتۆمبێلەکە لەگەڵ ستانداردی عێراقیدا، ڕێگەی پێدەدرێت لەبازاڕەکانی عێراق مامەڵەی پێوەبکرێت.