بیرکردنەوەی ستوونى، چارەسەری قەیرانی ئاو و خاک و وزە لە کشتوکاڵدا

هەمەڕەنگ

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 83 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لە شاری ڕیچمۆند لە ویلایەتی ڤێرجینیا، یەکەمين کێڵگەی شليكى سەرداپۆشراو دەستی بە کارەکانی کردووە؛ کۆمەڵێک تاوەری بەرزی ١٠ مەترى کە ساڵانە زیاتر لە ٢٠٠٠ تۆن شليك بەرهەم دەهێنن، لەسەر کەمتر لە یەک هێکتار زەوی.

پڕۆژەکە نیشان دەدات کە کشتوکاڵ دەتوانێت لە شێوازە ئاسۆییە تەقلیدی و پڕتێچوو تێپەڕێت و بچێتە قۆناغێکەوە کە تێیدا بەرهەمەکان بە شێوەیەکی ستوونى گەشەیان پێدەدرێت و بە شێوەیەکی ئاسۆیی دەهێنرێنە بازاڕەوە، بەکەمترین تێچوون.

سوودەکانی کشتوکاڵی ستوونى
پاشەکەوتکردنی ئاو: بەکارهێنانی ئاو بە ڕێژەی 90% کەم دەبێتەوە.

کەمبوونەوەی پێداویستی زەوی: تا 97% زەوی کەمتر پێویستە.
کەمبوونەوەی بەکارهێنانی قڕکەر: بە ژینگەیەکی کۆنترۆڵکراو، پێویستی بە قڕکەر نزیک دەبێتەوە لە نەمان و بەرهەمەکان تەندروستتر دەبن.

بەرهەمی بەرز: بەرهەمی ساڵانەی چەند هەزار تۆن لەسەر کەمتر لە یەک هێکتار شتێکە کە پێویستی بە دەیان هێندەی زەوی زیاترە لە کشتوکاڵی تەقلیدیدا.

پەیامی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی خۆراک
لە جیهانێکدا کە ئاو و خاک و وزە ڕۆژانە کەم دەبن، ئەم جۆرە پڕۆژانە زیاتر هێمای ئاسایشی نیشتمانی و خۆراکن نەک داهێنانی تەکنەلۆژی. وڵاتانی وەک ئەمریکا و ژاپۆن کە گرنگی بە شوێنى بەرهەمهێنان دەدەن، تاقیکردنەوە لەسەر ئەو مۆدێلانە دەکەن کە ڕەنگە داهاتووی کشتوکاڵ لە قاڵب بدەن.

لە بەرامبەردا ئێمە هێشتا لەگەڵ کێشەی زەوی، کێشەی کەمی ئاو و ڕێسا ئاڵۆزەکان دەجەنگین. ئەم واقیعە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە کاتی ئەوە هاتووە بە شێوەیەکی ڕاست بیربکەینەوە؛ واتە لەبری ئەوەی هەوڵی فراوانکردنی ئاسۆیی بدەین، پێویستە زەوی و سەرچاوەکانمان بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و داهێنان باشتر بکەین.

ئەنجام
کشتوکاڵی ستوونى تەنها داهێنانێکی زانستی نییە، بەڵکو ستراتیژێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سەرچاوەکان و دڵنیابوون لە ئاسایشی خۆراک. ڕەنگە ئەمە ئەو ڕێگایە بێت کە پێویستە لەو وڵاتانەی کە کێشەی ئاو و وزە و ئافاتەکانی کشتوکاڵییان هەیە بگیرێتەبەر.
 ئامادەكردنی بەختیار ئەحمەد