شارپرێس:
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ڕێکارو ماوە دەستورییەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ڕوندهكاتهوهو دهڵێت، "پێشبینیدەکرێت پرۆسەکە لەدوای هەڵبژاردنەوە نزیکەی چوار مانگ بخایەنێت"، ڕاشیدهگهیهنێت، "بەڵام دەکرێت بەهەبونی ویستێکی سیاسیی، کورت بکرێتەوە".
فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئهمڕۆ ڕایگەیاند، "دوای پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆک کۆمار لە 15 ڕۆژدا داوا لەپەرلەمانی نوێ دەکات کۆببێتەوەو ئەویش لەیەکەم دانیشتنیدا سەرۆکو دوو جێگرەکەی هەڵدەبژێرێت".
وتیشى، "دواتر پەرلەمان لە 30 ڕۆژدا سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵدەبژێرێت، پاشان سەرۆک کۆماری نوێ لە15 ڕۆژدا کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێرێتو كاندیدى ڕاسپێردراو 30 ڕۆژی لەبەردەستدەبێت بۆئەوەی متمانەی پەرلەمان بۆ کابینەکەی بەدەستبهێنێت”.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەڕونکردنەوەکەیدا باس لەوەدەکات، بەڕەچاوکردنی ئەم ماوە دەستورییانە، کۆی ماوەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، نزیکەی چوار مانگ دهخایهنێت لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەوە، بەڵام ئهوهشى وت، "دەکرێت کارەکان زوتریش لەوادەی دیاریکراو تەواو بکرێنو چاوەڕێی کۆتایی ماوەکان نەکرێت".
بهوتهى فایەق زێدان، "دواکەوتنی پێکهێنانی بەشێک لەحکومەتەکانی پێشوی پێشێلکاریی ڕونی دەستور بوه، ئهوهش بەهۆی نەبونی سزای یاساییەوە ڕویداوە، هیوادارین لەداهاتودا چارەسەربکرێت".
