زیاتر لەملیۆنێك ده‌نگده‌ر ئه‌مڕۆ ده‌نگده‌ده‌ن

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2063 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق له‌كاتژمێر 7ى به‌یانیه‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌و 303 هەزارو 151 دەنگدەری تایبەت لەگەڵ ئاوارەکان لەچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، لە 231 بنکە دەنگدەدەن.


ئه‌مڕۆ یەکشەممە، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت‌و 11ى ئه‌م مانگه‌ش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت، لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق یەک ملیۆن‌و 313 هەزارو 980 دەنگدەری تایبەت لە836 بنکە دەنگدەدەن.

کۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرایكردوه‌، جگە لەپێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان، ئه‌مڕۆ یەکشەممە نزیکەی 26 هەزار ئاوارە لە23 بنکەی هەڵبژاردن مافی دەنگدانیان هەیەو دەتوانن لەپرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەنگبدەن.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان، 276 هەزارو 613 دەنگدەر بەبێ ئاوارەکان لەچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەشداریی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەکەن لە 204 بنکە دەنگدەدەن، بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشبوون:

هەولێر: 111 هەزارو 839 دەنگدەر لە79 بنکە دەنگدەدەن
سلێمانی‌و هەڵەبجە: 108هەزارو 344 دەنگدەر لە82 بنکە دەنگدەدەن
دهۆک: 56 هەزارو 430 دەنگدەر لە43 بنکە دەنگدەدەن

ئەو ئاوارانەی مافی دەنگدانیان هەیە بەمجۆرەیە:
دهۆک: 25 هەزارو 986 دەنگدەر لە23 بنکە دەنگدەدەن
هەولێر: 547 دەنگدەر لەسێ بنکە
سلێمانی: پێنج دەنگدەر لە یەک بنکە

تێکڕایان 26 هەزارو 538 ئاوارەن سبەی یەکشەممە دەنگدەدەن.

لەلایەکی دیکەوە، لەپارێزگای نەینەوا 110 هەزارو 42 دەنگدەر لە 57 بنکە دەنگدەدەن، لەپارێزگای کەرکووکیش، 56 هەزارو 237 دەنگدەری تایبەت لە29 بنکە دەنگدەدەن.

لەدەنگدانی تایبەت زیاتر لەیەک ملیۆن‌و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی‌و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لەبەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆربەیان لەسنوری پارێزگای دهۆکن.