شارپرێس:
بابەتی دوورخستنەوەی ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی گابریێلێ نونزیاتی لە ئاژانسی هەواڵی ئیتاڵی "نۆڤا" مشتومڕێکی فراوانی لە بازنەکانی سیاسی و ڕاگەیاندنی ئەوروپیدا نایەوە، دوای ئەوەی کارەکەی لەدەستدا بەهۆی پرسیارێکەوە کە بە "شەرمەزارکەر" وەسکرا لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا.
لە کاتی کۆنگرەکەدا، نونزیاتی پرسیارەکەی ئاراستەی وتەبێژی کۆمیسیۆن پاولا بینیۆ کرد و گوتی: "ئێوە چەندین جار جەختتان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ڕووسیا دەبێت قەرەبووی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا بدات، ئایا پێتان وایە ئیسرائیل، کە غەززەی بە نزیکەیی بە تەواوی وێران کردووە، دەبێت قەرەبووی ئاوەدانکردنەوەی بدات؟"، بینیۆ وەڵامی دایەوە و گوتی: "پرسیارێکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام لەم قۆناغەدا هیچ لێدوانێک لەسەری نادەم."
دوای چەند ڕۆژێک، پەرلەمانتاری ئەوروپی گایەتانۆ بیدۆلا ڕایگەیاند کە ڕۆژنامەنووسەکە کارەکەی لەدەستداوە، ئەمەش نونزیاتی ئەوەی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ پشتڕاست کردەوە بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر ئاشکرا بکات.
ئەم بڕیارە شەپۆلێک ڕەخنەی لەناو پەرلەمانی ئەوروپادا لێکەوتەوە، وەک چۆن پەرلەمانتار ساندرۆ ڕۆتۆلۆ ڕووداوەکەی بە "پێشینەیەکی مەترسیدار کە کاریگەریی لەسەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری هەیە" وەسف کرد، لەکاتێکدا پەرلەمانتار ئانا لاورا ئۆرێکۆ جەختی کردەوە کە "پرسیارکردن ناتوانێت هۆکارێک بێت بۆ دوورخستنەوە".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هاشتاگی #SupportGabriele بڵاوکرایەوە، و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان پاڵپشتیی خۆیان لەگەڵ نونزیاتی ئاشکراکرد، بەو پێیەی ئەوەی ڕوویدا گوزارشت لە"سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین" دەکات. بەکارهێنەران ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیان بڵاوکردەوە، لەگەڵ لێدوانێک کە ڕەخنەی لە "دووڕوویی" هەڵوێستەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ململانێ نێودەوڵەتییەکان گرت.
لە لایەن خۆیەوە، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان بڕیارەکەی بە "قبووڵنەکراو" وەسف کرد، و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "پرسیارەکە، هەرچەندە هەستیار بێت، رەوایەتیی بە دەرکردنی لەکارەکەی نادات. هەروەک ئەنجومەنی نیشتمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی ئیتاڵی داوای گەڕاندنەوەی نونزیاتییان بۆ کارەکەی کرد بە خێرایی، و ڕووداوەکەیان بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرا بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەریی" هەژمار کرد.
شیکەرەوەکان پێیان وایە کە بیانووی ئاژانسەکە کە گوایە پرسیارەکە "لە ڕووی تەکنیکییەوە هەڵە بووە" ڕەنگدانەوەی گوشارە سیاسییە ڕووناکەکانە، و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم پێشینەیە ڕەنگە کەشێکی "سانسۆرێکی خودی" لەناو ژینگەی میدیایی ئەوروپیدا درووست بکات، و دەرگا بەڕووی پرسیارە قووڵەکاندا بکاتەوە سەبارەت بە "سنوورەکانی ئازادیی ڕادەربڕین" لە دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەوروپادا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی