ناوەندی توێژینەوەی شار لەدەزگای میدیایی شارپرێس دیدارێك له‌باره‌ى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركیا رێكده‌خات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 187 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ دیداری "دوای ساڵێك پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركیا به‌ره‌و كوێ" ده‌ستیپێكرد كه‌ له‌لایه‌ن ناوەندی توێژینەوەی شار لە ده‌زگای میدیایی شارپرێسه‌وه‌ رێكخراوه‌، تێیدا چه‌ند بابه‌تێك پێشكه‌شده‌كرێن.

دیداره‌كه‌ به‌به‌شداری نه‌ورۆز ئویساڵ ئه‌سلان په‌رله‌مانتاری توركیا و پارێزه‌ری پێشوی عه‌بدوڵا ئۆجالان، مه‌زڵوم دینج بریكاری یاسایی ئۆجالان، كامه‌ران عوسمان ئه‌ندامی تیمی رێكخراوی سی پی تی ئه‌مریكی، ته‌لار عه‌لى ئه‌مین مامۆستای زانكۆ، دكتۆر سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم مامۆستای زانكۆ، محه‌مه‌د ئاڵا نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا هاوكار عزه‌ت میكه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى ده‌زگای میدیایی شارپرێس ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، لە ڕوانگەی ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توکیا، نەک تەنها بۆ کوردانی باکور، بەڵکو بۆ تەواوی پرسی نەتەوەیی، نیشتمانی و دیموکراسی، چ کورد و چ گەلانی دیکەی ناوچەکە، بایەخێکی ستراتیژی هەیە، هەڵدەگرێت گفتوگۆی زۆری لەبارەوە بکرێت. لێرەوە ناوەندی توێژینەوەی شار لە دەزگای میدیایی شارپرێس، دووەمین دیداری خۆی لەبارەی ئەم پرسە گرنگە ئەنجام دەدات، دیداری یەکەم لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی پرۆسەکە و، دووەمیشیان، بریتییە لەم دیدارەی ئەمڕۆ، کە دوای تێپەڕبوونی ساڵێک لە هەنگاوی یەکەمی پرۆسەکە، لە دوو پانێڵدا پێشکەش دەکرێت. 
 
هه‌روه‌ها هاوكار عزه‌ت میكه‌ وتی،  مێژووی تورکیا لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا، ئاڵۆزی سیاسی و ئەمنی زۆری بەخۆوە بینیوە، تایبەت لەنێوان دەوڵەت و کورد، کە داواکاری دیموکراسی، سیاسی، نەتەوەیی و مرۆیی هەبووە، بەڵام هاوشانی ئەوەش، پرسی ئاشتی تەواو فەرامۆش نەکراوە، بەڵکو لە مێژووی هاوچەرخدا بووەتە بەشێک لە ژیانی سیاسی و ئێستاش وەک ئومێدێک بەرەو ئایندەیەکی باشتر سەیر دەکرێت. 

 ده‌شڵێت،  ئاشتەوایی و دیموکراتیزەکردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە شەو و ڕۆژێکدا نایەتەدی، هەندێجار پرۆسەیەکی دوورودرێژ و تاقەت پڕوکێنە، پێویستی بە ئارامی، ئازایەتی، ئەقڵ و حیکمەت و لێبوردەیی زۆر هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناشیرینییەکانی ڕابردوو و دوورکەوتنەوە لە ڕۆحی تۆڵەسەندنەوە. پێویستە مێژوو هەمووانی فێری ئەو ڕاستییە کردبێ، ئاشتی هەمیشەیی بەهێز ناسەپێنرێت، بەڵکو لەسەر بنەمای متمانەی دوولایەنە، داننانی دوولایەنە بە ماف و کەرامەتی مرۆیی بنیاد دەنرێت. هەر کاتێکیش ئاشتی ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی دۆزییەوە، دەنگی سەقامگیری و ئارامی، دەنگی مرۆڤایەتی و مرۆڤبوون بەسەر دەنگی تفەنگ و بۆمبدا زاڵ دەبێت.