ترەمپ کۆتایی به‌ یاساو ڕێسا نێودەوڵەتییەکان دەهێنێت

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 532 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
شارپرێس:

لە پەرەسەندنێکدا کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی ڕیشەییە لە پێکهاتەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، ڕۆژنامەی "ئارگۆمینتی ئی فاکتی" ڕوسی بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا باسی لەوەکردووە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا "فیشەکی ڕەحمەت"ـی بە سیستەمی جیهانیی دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە ناوە، بەمەش پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی گۆڕیوە بۆ گۆڕەپانێکی کراوەی بێ یاسا و ڕێسا.

رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە کردارەکانی ئیدارەی ئەمریکا لە سەردەمی تره‌مپدا، بەتایبەتی لە بەرامبەر ڤەنزوێلا، رەنگدانەوەیەکی ڕوونی داڕمانی نەریتە دیپلۆماسییەکان بوو. تره‌مپ بە ئاشکرا هەڕەشەی داگیرکردنی ئەو وڵاتەی کرد، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک کەناراوەکانی ئەو وڵاتە مۆڵدراوە و نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلای وەک "سەرۆکی چەتەی ماددە هۆشبەرەکان" وەسف کرد.
 
میدیاکانی ئەمریکاش دوودڵ نەبوون لە قسەکردن لەسەر پلانی ڕفاندن یان تیرۆرکردنی ناوبراو، لە سایەی بێدەنگییەکی گوماناویی نێودەوڵەتی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاوا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

.راپۆرتەکە بەراوردێکی دۆخی ئێستا بە داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003 دەکات، کاتێک واشنتۆن هەوڵیدا شەرعییەتێکی شکڵی بە جەنگەکە بدات، بەڵام ئەمڕۆ ئەمریکا پێویستی بە پاساو هێنانەوە بۆ دەستوەردانەکان یان هەڕەشەکانی نییە.

لەبارەی ئەم گۆڕانکارییە، فیۆدۆر لۆکیانۆڤ، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە یانەی نێودەوڵەتی ڤاڵدای بۆ گفتوگۆ، باسی لەوەکردووە کە چەمکی "سیستەم" و "حوکمڕانی" نێودەوڵەتی پێشتر ئاماژە بوون بە بوونی کۆمەڵێک یاسای دیاریکراوی ڕەفتار کە وڵاتان پابەندی بوون، بەڵام ئەم یاسایانەى لە قۆناغی ئێستادا ون بوون. 

هەروەک دەڵێت: ئیتر سیستەمێک لەسەر بنەمای یاسا نەماوە، تەنانەت سیستەم بە واتای نەریتیش نەماوە،  چووینەتە سەردەمێکی نوێ، کە ناونیشانەکەی نەبوونی سیستەمی جیهانییە، سەرەڕای ئەوەی لەوانەیە خودی تره‌مپیش درک بەوە نەکات کە یەکێکە لە دیارترین دروستکەرانی ئەم واقیعە نوێیه‌."

رۆژنامە روسییەکە پێی وایە تره‌مپ، سەرەڕای وتارە ناسیۆنالیستی و دابڕانخوازە دیارەکەی، لە ڕاستیدا پێشەنگی جیهانێکی فرە-جەمسەر بووە، کە تێیدا هەژموونی ئەمریکا وردە وردە لە بەردەم هێزە هەڵکشاوەکان وەک چین و ڕوسیا پاشەکشە پێ دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، تره‌مپ هەروا لەسەر ئەو بڕوایە دەمێنێتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەهێزترین لایەن دەبێت لە هەر ڕوبەڕوبوونەوەیەکی تاکەکەسی و مافی ئەوەی هەیە ویستی خۆی بسەپێنێت کاتێک بەرژەوەندییەکانی ئەوانی دیکە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەودا ناکۆک بن.

شیکەرەوە ڕوسییەکە لەکۆتاییدا ئاماژە بەوەدەکات کە ئەوەی ئەمڕۆ تێیدا دەژین تەنیا بەرهەمی سەردەمی حوکمڕانی تره‌مپ نییە، بەڵکو ئەنجامی ڕێچکەیەکی درێژخایەنی گۆڕانکارییەکانە کە پێش هاتنی بۆ سەر دەسەڵات دەستیان پێکردووە، بەڵام تره‌مپ ئەو هۆکارە بوو کە ئەم گۆڕانکارییەی لە واقیعێکی شاراوەوە گۆڕی بۆ واقیعێکی ئاشکرا و ڕوون.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی