زیاتر لە1500 ڕۆژنامەنوس‌و 300 چاودێری نێودەوڵەتی ڕوماڵی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1031 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشكرایده‌كات، ئه‌مڕۆ زیاتر لەهه‌زارو 500 ڕۆژنامەنوسی ناوخۆیی‌و بیانی‌و سەروو 300 چاودێری نێودەوڵەتی بەشدار له‌نزیكه‌وه‌ چاودێریى‌و ڕوماڵى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن.


کۆمسیۆنه‌كه‌ ده‌ڵێت، "304 کەسایەتی نێودەوڵەتی وەک چاودێر بەشداریی لەپرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا دەکەن، ئەو چاودێرانە نوێنەرایەتی حه‌وت باڵیۆزخانەو 36 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەکەن‌و لەنزیکەوە چاودێریی بەڕێوەچونی پرۆسەی دەنگدانەکە دەکەن".

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، "بۆ ڕوماڵکردنی ئەو ڕوداوە گرنگە، زیاتر لەهه‌زارو 500 ڕۆژنامەنوس ئامادە دەبن، کە 200 کەسیان ڕۆژنامەنوسی بیانین‌و لەمیدیا جیهانییەکانەوە هاتون، کۆمسیۆنیش 140 بنکەی تایبەت بەڕوماڵی میدیایی لەسەرتاسه‌رى عێراق دیاریکردوە، کە 41 بنکەیان لەهەرێمی کوردستانە".

كۆمسیۆن باسى له‌وه‌شكردوه‌، "چاودێرە نێودەوڵەتییەکانیش لەڕێگەی نوسینگەکانی کۆمسیۆن لەهەرێمی کوردستان‌و ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە ناوی خۆیان تۆمارکردوە بۆ بەشداریکردن لەچاودێریکردنی پرۆسەکە".

ئه‌مڕۆ له‌كاتژمێر 7ى به‌یانیه‌وه‌ پرۆسه‌ى ده‌نگدانى تایبه‌ت ده‌ستیپێكردوه‌و ڕۆژى 11ى ئه‌م مانگه‌ش ده‌نگدانى گشتیى ده‌ستیپێده‌كات.