شارپرێس زانیاری گرنگ لەبارەی پێشێلكارییەكان لەدەنگدانی تایبەتدا ئاشكرادەكات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3458 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێكخەری گشتيی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان ئاشكرایكرد، تەنها تا كاتژمێر 12ى ئەمڕۆ كە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، نزیكەى دوو هەزار سەرپێچی و پێشێلكاريی تۆماركراون.

 

هۆگر چەتۆ، ڕێكخەری گشتی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان لەسەرانسەری عێراقدا لەلێدوانێكی تایبەتدا بەشارپرێسی ڕاگەیاند،" تا كاتژمێر 12ى نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەزارو 841 حاڵەتی پێشێلكاريی لەهەموو عێراق تۆماركراوە، هەموو ئەو حاڵەتانە پێكهاتون لەڕوداوو سەرپێچی و پێشێلكاريی".

هۆگر چەتۆ ئاشكراشيكرد، "گەورەترینیان نەپاراستنی نهێنی دەنگدانە وەك بردنە ژورەوەی مۆبایل كە نابێت ڕێگە بدرێت دەنگدەر مۆبایل بباتە ژورەوەو وێنەی دەنگەكەی بگرێت، كە لەدهۆك و هەولێرو سلێمانی و لەهەموو عێراقیشدا هەبوە".

لەبارەی پڕوپاگەندەی دەنگدانیشەوە، هۆگر چەتۆ وتی، "بابەتی دابەشكردنی كارتی دەنگدان ئەمە بابەتێكی نەخوازراوەو بەپێی یاسا قەدەغەیەو ئەركی بەڕێوەبەری بنكەیە ڕێگريی لەو دیاردەیە بكات لەدەوروبەری بنكەكاندا".

سەبارەت بەڕێژەی دەنگدانیش، وردەكارییەكەی بۆ پەیامنێری شارپرێس ئاشكراكردو وتی،" ڕێژەی دەنگدان لەئاستێكی بەزردابوەو بەشێوەیەكە تا كاتژمێر 12ى نیوەڕۆ، لەهەرێم گەیشتوەتە لە70% بۆ 75%".

کاتژمێر 7ی بەیانیی ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت لەتەواوی عێراق دەستیپێکردو بڕیاروایە تا کاتژمێر 6ى ئێوارە بەردەوامبێت.