ئیسرائیلی زۆر توڕەکردوە.. ڕەنگە ئەمریکا دەستبەرداری پلانی چەککردنی حەماس بێت

جیهان

23 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2648 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بەکەناڵی "سی ئێن ئێن"یان وتوە، ئیدارەی ئەمریکا بژاردەیەکی جێ مشتومڕ تاووتوێدەکات کە بریتییە لەتێپەڕاندنی قۆناغی چەککردنی حەماس، کە پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمریکا لەئەنجومەنی ئاسایش جەختی لەسەردەکاتەوەو ڕاستەوخۆ دەستکردن بەقۆناغی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.


سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، ئەم ئاراستەیە توڕەییەکی "زۆر توند"ی لای ئیسرائیل دروستکردوە، بەوپێیەی بەگوێرەی ئەم پلانە حەماس بەتەواوی جبەخانە سەربازییەکەیەوە بمێنێتەوە کە بەبڕوای ئەوان، "بنەماکانی پلانی ئەمریکا" دەشێوێنێت‌و وای لێدەکات حکومەتی ئیسرائیل قبوڵی نەکات.

ئیسرائیل پێداگریی دەکات کە پێش هەر ئاوەدانکردنەوەیەک، پێویستە "تێکشکاندنی تەواوی ژێرخانی سەربازیی" حەماس ئەنجامبدرێت‌و بنیامین ناتانیاهۆ دوپاتیکردوه‌تەوە کە "غەززە چەک دادەنێت‌و حەماس چەکی لێدەسەنرێتەوە، بەویستی خۆی بێت یان بەزۆر".

لەلایەکی دیكه‌وه‌، ئەمریکا لەپێشبڕکێی کاتدایە بۆ کۆکردنەوەی هێزێکی نێودەوڵەتی ئامادە بۆ بڵاوبونەوە لەغەززە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبونی بۆ ناردنی هێزی ئەمریکی، لەدروستکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ چەککردنی حەماس توشی کێشە بوە.

لەکاتێکدا ئەنجومەنی ئاسایش خۆی بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسایەک دەکات کە داوای دروستکردنی "ئەنجومەنی ئاشتی" بۆ ماوەی دوو ساڵ‌و هێزێکی کاتی نێودەوڵەتی بۆ چەککردن دەکات، ڕوبەڕوی ناڕەزایەتی ناوخۆی ئیسرائیل‌و هەروەها ئەگەری ڤیتۆی ڕوسی یان چینی بوه‌تەوە.