ساڵح موسلیم؛ ماڵئاوایی ئەندازیاری خەونی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 637 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس – تایبەت

ئەمڕۆ ناوەندە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا، هەواڵی کۆچی دوایی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات  (PYD)یان ڕاگەیاند، کە دوای ململانێیەکی درێژ لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی 74 ساڵیدا لەشاری هەولێر ماڵاوایی لە گۆڕەپانی تێکۆشان کرد، موسلیم تەنها سەرکردەی پارتێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو یەکێک بوو لە داڕێژەرە سەرەکییەکانی نەخشەی سیاسیی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دوای ساڵی 2011.


لە تاقیگەوە بۆ جەرگەی شۆڕش

ساڵح موسلیم محەمەد، کە لە ساڵی 1951 لە گوندی "شێران"ی سەر بە کۆبانی لەدایکبوە، ژیانی گەنجێتی لەنێوان کتێب و تاقیگەکانی ئەندازیاریی کیمیادا لە زانکۆی تەکنیکی ئەستەمبوڵ بەسەر برد، بەڵام شکستی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975 لە باشوری کوردستان، وەک وەرچەرخانێکی ویژدانی، ئاراستەی ژیانی ئەو ئەندازیارەی لە زانستەوە بەرەو سیاسەت گۆڕی. ئەو لە ساڵانی هەشتاکاندا و لە کاتی کارکردنی لە سعودیە، پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە کرد و بوو بە یەکێک لە دەنگە دیارەکانی نەیاری ڕژێمی بەعس لە سوریا.

باجی هەڵوێست و قوربانییە خێزانییەکان

ژیانی سیاسیی موسلیم پڕ بوو لە ڕاوەدونان و زیندان. لە ساڵی 2004 لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی دیمەشقەوە دەستگیرکرا و ڕوبەڕوی توندترین ئەشکەنجە بوەوە، فشارەکان تەنها لەسەر ئەو نەبون، بەڵکو "عایشە ئەفەندی" هاوسەریشی بەهۆی چالاکییەکانی ئەوەوە نۆ مانگ زیندانی کرا. گەورەترین و پڕوپێشترین باجێک کە موسلیم لەپێناو باوەڕەکانیدا دای، شەهیدبونی "شەڕڤان"ی کوڕی بوو لە ساڵی 2013 لە شەڕی دژی ڕێکخراوی داعش، کە ئەمەش پێگەیەکی ڕۆحی و جەماوەریی زیاتری پێ بەخشی.

داڕێژەری خەونی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا

لە ساڵی 2003وە، موسلیم ڕۆڵی میحوەریی گێڕا لە دامەزراندنی پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD). لە ساڵی 2010 بوو بە سەرۆکی پارتەکە و تا ساڵی 2017 ڕێبەرایەتیی قۆناغە هەرە هەستیارەکانی جەنگی ناوخۆی سووریای کرد. ئەو ئەندازیاری پڕۆژەی "فیدڕالیزم" و "بەڕێوبەریی خۆسەر" بوو؛ دیدگایەک کە هەوڵی دەدا مافی کورد لە چوارچێوەی سوریایەکی دیموکراتدا بچەسپێنێت. هەرچەندە ئەم دیدگایە هەمیشە لەگەڵ تورکیا و هەندێک لایەنی کوردی تری ناوخۆ لە ململانێ و ئاڵۆزیدا بوو، بەڵام موسلیم توانی دەنگی ڕۆژئاوا بگەیەنێتە پایتەختە گرنگەکانی جیهان.

کۆتایی سەردەمێکی پڕ لە تەحەدا

کۆچی دوایی ئەم سەرکردەیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی نوێی جیۆپۆلەتیکیدایە. موسلیم کە تەنانەت لە تاراوگەشدا لەژێر هەڕەشەی ئینتەرپووڵ و فشارە نێودەوڵەتییەکاندا بوو، وەک سیمبولێکی خۆڕاگری لە یادەوەریی لایەنگرانیدا دەمێنێتەوە. بە ڕۆیشتنی ئەو، پارتەکەی و بەڕێوبەریی خۆسەر ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەبنەوە لە پاراستنی ئەو هاوسەنگییە دیپلۆماسییەی کە ئەو ساڵانێکی زۆر تێکۆشانی بۆ کرد.