شارپرێس:
ماڵپەڕی هەواڵیی "وای.نێت"ی ئیسرائیلی، بە
پشتبەستن بە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، ئاشکرای کردووە کە ئێران بە نهێنی و بە پشتگیری
ڕاستەوخۆ و شاراوەی حکوومەتی ڕووسیا, خەریکی
پەرەپیدانی پڕۆگرامی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمییە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە ڕۆژی یەکشەممە 23ی تشرینی دووەم
بڵاوکراوەتەوە، شاندێکی وەزارەتی بەرگریی ئێران سەردانی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیای
سەربازیی ڕووسیایان کردووە، کە لە لیستی سزاكانی ئەمریکادایە. "وای.نێت"
دەڵێت ئامانج لەم هاوکارییە نێوان تاران و مۆسکۆ "تەواوکردنی قۆناغی کۆتایی"ی
پڕۆگرامی ئێرانە بۆ "بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی".
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران، بە یارمەتیی نهێنیی
ڕووسیا، سوود لە تەکنەلۆژیای لەیزەر و شێوازەکانی مۆدێلکردن وەردەگرێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی
دروستی دیزاینی چەکی ئەتۆمی، بەبێ ئەوەی پێویستی بە تاقیکردنەوە هەبێت، ئەمەش چاودێری
نێودەوڵەتی قورستر دەکات.
لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، چەندین ڕاپۆرت بڵاوکراونەتەوە
کە باس لە ڕۆڵی ڕووسیا لە پێشخستنی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران دەکەن، بەشێوەیەک ڕۆژنامەی
"فایەنەنشاڵ تایمز"ی بەریتانیش پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسانی پڕۆگرامە
ئەتۆمییەکەی ئێران بە نهێنی سەردانی ڕووسیایان کردووە و لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیای
"لەیزەر سیستەمز"ی ڕووسی کۆبوونەتەوە، کە ئەم کۆمپانیایە لە ژێر سزای
واشنتۆندایە و لە بواری بەکارهێنانە دووانەییەکاندا (سڤیلی و سەربازی) کاردەکات.
"وای.نێت"
ئاشکرای کردووە کە هاوکاریی نێوان ئێران و ڕووسیا ماوەی پێویست بۆ تاران بۆ دەستکەوتنی
چەکی ئەتۆمی کورت دەکاتەوە، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئێران دووپاتی دەکەنەوە کە پڕۆگرامەکەیان
"سروشتێکی ئاشتییانەی" هەیە، بەڵام ئەم ڕاپۆرتانە هاوکاریی بەردەوامی ئەتۆمی
نێوان هەردوو وڵات نیشان دەدەن.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی