دەستپاكی عێراق لەبارەی دیارنەمانی دوو ترلیۆن دینارەوە ڕونكردنەوە دەدات

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 232 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی دەستپاکیی عێراق لەبارەی دەنگۆی دیارنەمانی دوو ترلیۆن و 500 ملیار دیناری سندوقی چاودێریی کۆمەڵایەتی ڕونکردنەوە دەدات و  دەڵێت، تەواوی پارەکە لەهەژماری خۆیدایەو هیچ بڕێکی لێ نەبراوە.

 
دەستەی دەستپاكی عێراق، لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، دوای بڵاوبونەوەی زانیاری لەبارەی گومانی دیارنەمانی بڕی 2.5 ترلیۆن دینار لەهەژمارەکانی سندوقی چاودێریی کۆمەڵایەتی لیژنەیەك پێكهێنراو دوای لێكۆڵینەوەو وردبینی دەركەوت تەواوی پارەكە لەهەژمارەكەی خۆیدایەو نەبراوە.
 
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تیمەکە بەوردی پێداچونەوەی بەبەڵگەنامەو ڕێکارە داراییەکانی نێوان وەزارەتەکانی دارایی و  کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، بانکی ڕافیدەین و دیوانی چاودێریی دارایی دا کردوە، بۆ دڵنیابونەوە لەسەلامەتیی هەژمارەکە.
 
دەستەکە ڕاشیگەیاندوە،" ئەنجامەکان بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە و ڕون دەریانخست، ئەو بڕە پارەیەی گومانی لەسەر بوو، ماوەو نەڕاکێشراوە، نەخەرجکراوەو نەگوازراوەتەوە، بەڵکو لەهەژماری ژمارە (568)ی تایبەت بەدەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی/ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دانراوە."
 
لەڕاگەیەندراوەكە ئەوەش هاتوە، لێکۆڵینەوەکان ئەوەشیان سەلماندوە، کە باڵانسی هەژمارەکە لەژێر رێکاری وردی چاودێریدایە، بەمەبەستی جیاکردنەوەی ئەو پارەیەی لەوەزارەتی داراییەوە دێت، لەگەڵ ئەو داهاتانەی بۆ خودی وەزارەتی کار بەدەست دێت.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، ڕِۆژی 22ی ئەم مانگە، وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، پارەی ناو ئەو سندوقە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ڕاکێشراوە، بەڵام رۆژێک دواتر وەزارەتی دارایی لەرونکردنەوەیەکدا رڕەتیکردەوە پارەکەی راکێشابێت، بەڵکو هەژمارە بانکییەکەی سڕ کردوە بەهۆی ئەوەی بۆ مەبەستی دیکە بەکارهاتوە".