شارپرێس:
کاردیناڵ لویس ڕافایل ساکۆ لەلێدوانێکدا دەڵێت، عێراق وڵاتێکی گرنگە، نەک تەنها لەبەر هەڵکەوتەی جوگرافی و شوناسە مێژووییەکەی، شارستانیەت و سامانەکەی، بەڵکو بەهۆی زیندوویی گەلەکەی و هەمەجۆریی نەتەوەیی و ئایینی و بیرکردنەوەی ڕادیکاڵ و داهێنەری کوڕ و کچەکانی.
کاردیناڵ لویس ڕافایل ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی 2003، عێراقییەکان بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاویان لە دامەزراندنی عێراقێکی نوێ و سەلامەت و سەقامگیر و دیموکراسی و سەروەری بوو، بە سیستەمێکی مەدەنی کە بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ هەموو هاووڵاتیان بکات و بەرژەوەندییەکانیان بخاتە سەرووی هەموو شتێکەوە. بەڵام ئەوەی ڕوویدا، سیستەمێکی تائیفی و خێڵەکی بوو، که دەرگای بەڕووی داعش و گەندەڵی کردەوەو میلیشیاکان بەتێپەڕبوونی کات، له دەوڵەت به هێزتر بوون.
ڕونیشیکردەوە، قەیرانەکان بە زەبری هێز چارەسەر نابن، بەڵکو بە ئامێزگرتنی کولتووری هاوچەرخ و کەلتوورێکی عەقڵانیتر و واقیعبینانەتر کە دامەزراوە خزمەتگوزاری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، یاسایی و ئابوورییەکان هاوشێوەی ئەوانەی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا هەن، لە ڕێگەی وتووێژ و لێکتێگەیشتن و گەڕان بەدوای خاڵە هاوبەشەکاندا چارەسەر دەبن.
کاردیناڵ لویس ڕافایل دەشڵێت، ڕێزگرتن لە سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی چەمکی هاووڵاتیبوون شتێکی بنەڕەتییە. بۆیە پێویستە دەستووری ئێستا هەموار بکرێتەوە بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانی هەموو هاووڵاتیان وەک هاوبەشی ڕاستەقینە و یەکسان.
هەروەها دەڵێت، دەوڵەت دەبێت هێز لەدەستی خۆیدا کۆبکاتەوە، ئەمەش بکاتە ئەولەویەت بۆ حکومەتی داهاتوو، گروپەچەکدارەکان ناتوانن دەوڵەت بنیات بنێن.
ئ.ح
