"مەهەپە" راپۆرتی خۆی سەبارەت بەچارەسەری پرسی کورد پێشکەش بەپەرلەمانی تورکیا دەکات

جیهان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 489 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (MHP)، کە یەکێکە لە پارتە بەشدارەکانی لیژنەی "هاوبەندی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی" بۆ داڕشتنی چوارچێوەی یاسایی دەستپێشخەریی چارەسەرکردنی قەیرانی کورد، ڕاپۆرتێکی 120 لاپەڕەیی پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد.

 
فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی MHP بۆ کاروباری یاسایی، ڕاپۆرتەکەی داوەتە  دەستی نوعمان قوڕتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان، و ڕایگەیاند کە هەر هەنگاوێکی یاسایی پەیوەستە بە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی و یەکجاریی ڕێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەیان هەڵسەنگاندنی سیاسییە.

 لە کاتێکدا لیژنەی ناوبراو قۆناغی گوێگرتنی لە لایەنەکان تەواو کردووە، هەردوو پارتی گەلی کۆماری (CHP) و دیموکراسی و یەکسانی گەلان (DEM Parti) ڕاپۆرتەکانیان پێشکەش کردووە و بڕیارە پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)یش لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ڕاپۆرتەکەی بنێرێت، پاشان پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی هەڵسەنگاندن ساز دەکات.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی