ئیسرائیل جیهان لەدەستپێكردنی جەنگێكی دیكە ئاگاداردەكاتەوە

جیهان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2700 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سوپای ئیسرائیل بەفەرمی پلانی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر تەواوی پێگەکانی حزبوڵڵا لەخاکی لوبنان پەسەند کردو ئاشكرایكرد، ئەگەر بێتو حکومەتی لوبنان، لەپرۆسەی چەککردنی حزبوڵڵا شکست بهێنێت هێرشێکی بەرفراوان دەستپێدەكەین و دەڵێت، ئەمریکایان ئاگادار کردوەتەوە.


دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، وڵاتەکە بەفەرمی پلانی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر تەواوی پێگەکانی حزبوڵڵا لەخاکی لوبنان پەسەند کردوە.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕاشیگەیاند،  ئەم پلانەی سوپای وڵاتەکە، وەک دوا کارتی فشارە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە ئەگەر بێتو حکومەتی لوبنان، لە رۆسەی چەککردنی حزبوڵڵا شکست بهێنێت.

دەستەکە ئاماژەی بەوەدا، پلانەکە لەلایەن فەرماندەیی باڵای سوپا، بەهەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگری و ژوری ئۆپەراسیۆنەکان داڕێژراون و ئامادەی جێبەجێکردنن.

هاوکات وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو سیناریۆیە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لەچەند ڕۆژی ڕابردودا مانۆڕی چڕوپڕی بەبەشداریی جۆرە جیاوازەکانی فڕۆکەی جەنگی لەئاسمانی ناوچەکەو سەر دەریای ناوەڕاست ئەنجامداوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی باڵای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، کە بەڕونی ئەمریکایان ئاگادار کردوەتەوە، ئەگەر حزبوڵڵا چەک نەکرێت، ئیسرائیل خۆی ئەو کارە دەکات، تەنانەت ئەگەر باجەکەی هەڵگیرسانی شەڕێکی بەرفراوان بێت لەبەرەی باکور.