شارپرێس:
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیمو‌كراتى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "چیتر وەک ڕابردوو لەگەڵ یەکێتیی گفتوگۆ ناکەین"، ئه‌ندامێكى كۆمیته‌ى ناوه‌ندیى ئه‌و حزبه‌ش ده‌ڵێت، "شایستەکانی هەڵبژاردن لەبەرچاودەگرین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنەیەکی نوێ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت پێکدەهێنین".
جوان ڕۆژبەیانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بۆ میدیای حزبەکەی ئاشكراكردوه، "لەکۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیدا، دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانى عێراق تاووتوێکران‌و دوو وه‌فدى دانوستانکاری جیاوازیش بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵ‌و حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاریکراون".
ده‌شڵێت، "ئەمجارە بەگوێرەی دەستکەوتەکانی هەڵبژاردن، شێوازی گفتوگۆی وه‌فده‌كه بۆ پێکهێنانی حکومەت جیاوازتر دەبێت لەوەی پێش هەڵبژاردن".
سه‌باره‌ت به‌پۆستى سەرۆک کۆماریش جه‌ختیكرده‌وه، "ئه‌و پۆسته پشکی کوردە، بەڵام مەرج نییە ئەو پۆستە تەنها بۆ پارتی یان یەکێتیی بێت، بۆیە گفتوگۆی لەسەردەکرێت کە بەر چ لایەنێکی کوردی دەکەوێت".
ئه‌وه‌شى وت، "گفتوگۆ‌و دانوستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامدەبێت‌و باس لەدابەشکردنی پۆستەکانیش دەکرێت، به‌ڵام ئەگەر پێشتر پارتی سازشی لەسەر هەندێک پۆست کردبێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی، ڕەنگە ئەمجارە شێوازی گفتوگۆکان گۆڕانکارییان بەسەردابێت".
زانیارییه‌كانى ئه‌و ئه‌ندامه‌ى كۆمیته‌ى ناوه‌ندیى پارتى له‌كاتێكدایه، ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بەسەرۆکایەتیی مه‌سعود بارزانی‌و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ى (نێچیرڤان بارزانى‌و مه‌سرور بارزانى) له‌پیرمام بەڕێوەچوو.
