ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکە هێزێکی دەستتیوەردانی خێرا لەدژی تورکیا دروست دەکەن

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2550 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیای یۆنانی بڵاویکردۆتەوە کە ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس تاوتوێی پێکهێنانی هێزێکی سەربازیی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکەن، بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ تورکیا.

 بەپێی ڕاپۆرتەکانی میدیای یۆنانی، ئەم هێزە پێشنیارکراوە نزیکەی 2.500 سەرباز لەخۆدەگرێت و وەک هێزێکی دەستتێوەردانی خێرا کاردەکات، کە هێزی وشکانی، دەریایی و ئاسمانیی لە سێ وڵاتەکە پێکدێت.

ئامانجی سەرەکیی ئەم هێزە پاراستنی ژێرخانی گرنگیی وزە لە ناوچەکە و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تورکیایە، هەروەک بەهێزکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانە لە قۆناغی دوای جەنگی غەززە.

ئەوەش هاتووە: پلانی پێکهێنانی هێزەکە لە نێوان ئەفسەرە باڵاکانی سێ وڵاتەکەدا تاوتوێ کراوە و بڕیارە لە چەند شوێنێک لە ئیسرائیل، قوبرس و دوورگەکانی کارپاتۆس و ڕۆدسی یۆنان جێگیر بکرێت.

بەپێی پلانەکە، ئیسرائیل و یۆنان هەریەکەیان 1000 سەرباز و قوبرس 500 سەرباز تەرخان دەکەن، لەگەڵ دابینکردنی یەک فڕۆکەی جەنگی لەلایەن هەریەکەیانەوە. لەسەر ئاستی دەریایی، هێزەکە کەشتی جەنگیی و ژێردەریایی لە ئیسرائیل و یۆنانەوە لەخۆدەگرێت.

ئەم هەنگاوە هاوبەشە وەک کارێک سەیر دەکرێت کە "قووڵاییەکی ستراتیژی" زیاتر بە ئیسرائیل دەبەخشێت لە بەرانبەر ڕۆڵی هەڵکشاوی تورکیا لە سووریا.

ئەمەش دوای سەردانێکی دیپلۆماسیی باڵای ئیسرائیل بۆ ئەسینا دێت، کە تێیدا بەرپرسانی باڵا، لەوانە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، لەگەڵ هاوتا یۆنانییەکانیان کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسە ناوچەییەکان و پلاندانان بۆ قۆناغی دوای جەنگی غەززە.

 یۆنان بە یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل لە ئەوروپا دادەنرێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی