شارپرێس:
چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان، کە هێزە سیاسییە
بەشداربووەکانی پڕۆسەی سیاسی لەخۆدەگرێت، وێنەی گشتیی کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراقیان
خستەڕوو، بە دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان بەسەر پێکهاتەکانیدا.
سەرچاوەیەک
لەناو هاوپەیمانێتییەکە بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە، کە کوتلەکانی ناو
چوارچێوەی هەماهەنگیی بەنیازن 12 بۆ 14 وەزارەت لە حکومەتی داهاتوودا بەدەست بهێنن، بەپێی کەرکەوتەی هەڵبژاردنی هەر کوتلەیەک.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە قسەکردن لەسەر
دابەشکردنی وەزارەتەکان هێشتا زووە و پەیوەستە بە یەکلاییکردنەوەی ناوی کاندیدی سەرۆک
وەزیران. هەروەک، کێبڕکێی ناو هاوپەیمانێتییەکە تەنیا لەسەر پۆستە وەزارییەکان نییە،
بەڵکو کێبڕکێ لەسەر پۆستە باڵاکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانیش هەیە.
ئەوەش هاتووە: هێزەکانی وەک "بەدر و
سادقوون" هەوڵدەدەن پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بەدەست بهێنن، هاوپەیمانیی
دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، لە ئەگەری بەدەستنەهێنانی پۆستی سەرۆک
وەزیران، داوای پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەکات، وەک بەشێک لە هاوکێشەی
دابەشکردنی پۆستەکان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا.
پێشتر، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان داوای
کردبوو کە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران ببەسترێت و دەستەی سەرۆکایەتییەکەی هەڵبژێردرێت،
دوای ئەوەی لەسەر پێکهێنانی حکومەت ڕێکنەکەوتن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دادگای باڵای فیدراڵی لە 14ی کانوونی یەکەمی ڕابردوو
ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی پەسەند کرد، کە ئەمەش دەستپێکی وادەی دەستوورییە
بۆ پێکهێنانی دامەزراوە نوێیەکان.
بەپێی
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، تەنها دوو کاندیدی فەرمی بۆ سەرۆک وەزیران
هەن، ئەوانیش محەمەد شیاع سوودانی لەسەر ئەو هاوپەیمانییە و نووری مالیکی لەسەر
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا.، جەختیشی کردۆتەوە کە ناوی کاندیدەکانی دیکە تەنها بۆ
مانۆڕی دانوستاندن و کات بەسەربردنە.
ئاکۆ
عەبدوڵڵا ئاڵی
