شارپرێس:
وەک ئامادەکارییەک بۆ
روبەڕوبونەوەی ئێران، سوپای ئیسرائیل دەستی بە راهێنان بە فڕۆکە جەنگییەکانی کردوە
لە بنکە ئاسمانییەکانی یۆنان و قوبرس، بەهۆی ئەوەی ئەو دوو وڵاتە لەڕوی
جوگرافییەوە دورن لەئێران و موشەکەکانی تاران بەئاسانی پێیان ناگەن.
میدیاکانی روسیا
بڵاویانکردەوە، ئیسرائیل پێیوایە کە ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئێران دەستپێبکاتەوە، پێویستی
بە شوێنی دورترە بۆ فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی، چونکە
رەنگە ئێران بە ئاسانی بتوانێت بە موشەک بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لەناو خاکی
وڵاتەکە بکاتە ئامانج.
ئەوەشخراوەتەڕوو،
ماوەیەکە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دەستی بە راهێنان لە بنکە ئاسمانییەکانی یۆنان و
قوبرس کردوە، بۆ ئەوەی لەئەگەری بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئیسرائیل، لەو دوو وڵاتەوە
هێرش بکاتە سەر ئێران، چونکە یۆنان و قوبرس دورن لە ئێران و موشەکاکانی تاران
ناگەنە ئەو شوێنانە.
دورگەی قوبرسی یۆنانی نزیکەی هەزار و 630 کیلۆمەتر لە
خاکی ئێرانەوە دورە، هەرچی یۆنانیشە دوو هەزار و 466 کیلۆمەتر لە خاکی ئێرانەوە دورە، بەوشێوەیەش
موشەکەکانی ئێران توانای گەیشتنیان بەو شوێنانە نییە.
محەمەد سەردار