شارپرێس:
ڕوناکی گونجاو یارمەتیی جەستە دەدات بۆ خەوتن ئامادە بێت و خێراتر خەوی لێ بکەوێت، بۆیە دوو کاتژمێر پێش خەوتن، ئامۆژگاری دەکرێت کە خۆ لە ڕووناکی سارد و شین بەدوور بگرن و سەرچاوەی ڕوناکی گەرم و کاڵ هەڵبژێرن.
دکتۆر ئەلێکساندەر ڤروبلێڤسکی، مامۆستای یاریدەدەر لە پەیمانگای پزیشکیی کلینیکی لە زانکۆی پزیشکیی پیرۆگۆڤ لە رووسیا، ئاماژە بەوە دەکات کە نهێنیی پاراستنی تەندروستی و بەرهەمهێنان لە هاوسەنگیی نێوان چالاکی و پشوودایە، چونکە تێکچوونی ئەم هاوسەنگییە، بەتایبەتیی شێوازەکانی خەو، دەبێتە هۆی ماندووبوون و دڵەڕاوکێ. ڕوناکی دەستکرد یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە کاریگەریی لەسەر خەو هەیە.
لە ڕووی زانستییەوە، ئەم پڕۆسەیە لەلایەن دوو هۆرمۆنی سەرەکییەوە ڕێکدەخرێت: یەکەم، میلاتۆنین (هۆرمۆنی شەو) کە لە تاریکیدا دەردەدرێت و بەرپرسیارە لە خەو، بەڵام ڕووناکی بەهێز، بەتایبەتی ڕووناکی سارد، بەرهەمهێنانی کەم دەکاتەوە.
هۆرمۆنی دژەکەشی کۆرتیزۆڵ (هۆرمۆنی بەئاگایی) کە ڕووناکی شەوانە، بەتایبەتی هی شاشەکان، دەتوانێت بە شێوەیەکی دەستکرد دەردانی زیاد بکات و خەو بوەستێنێت.
بۆیە، باشترە دوو کاتژمێر پێش خەوتن واز لە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بهێنرێت، چونکە ڕووناکی شینی شاشەکان ڕێگری لە بەرهەمهێنانی میلاتۆنین دەکات.
لە جیاتی ئەوە، ڕووناکیی گەرم و کاڵ کە هاوشێوەی ڕووناکی خۆرئاوابوونە بەکاربهێنرێت، لەگەڵ ئەنجامدانی چالاکی هێمنکەرەوە وەک خوێندنەوەی کتێب یان خۆشۆردن بە ئاوی گەرم.
کۆنترۆڵکردنی ڕووناکی بۆ باشترکردنی کوالێتی خەو، بنەمایەکە بۆ پاراستنی وزەی ڕۆژانە و تەندروستی درێژخایەن.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
