شارپرێس:
لەگەڵ گەرمبونی پرسی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا چەکدارییەکانو زیادبونی گوشارەکانی ئەمریکا لەوبارەیەوە، هەندێک لایەن ئامادەیی خۆیان بۆ سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتو تێکەڵبون بەپڕۆسەی سیاسیی نیشاندەدەن، هەندێکی دیكه سورن لەسەر بژاردەی مقاوەمەو هەر گفتوگۆیەک دەربارەی ئەو بابەتە ڕەتدەکەنەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هەندێک لەمیلیشیا چەکدارییەکان جەخت لەوەدەکەنەوە، پرەنسیپی داماڵینی چەک جێگەی ناکۆکیو مشتومڕ نییەو ئێستا تەنها گفتوگۆ لەسەرکاتو میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی دەکرێت بەجۆرێک کە بارودۆخی ئەمنیو هەرێمی ڕەچاوبکرێت.
لەبەرامبەردا کەتیبەکانی حزبوڵڵا لەبەیاننامەیەکی نوێدا ڕایانگەیاندوە، چەک ئەمانەتێکە بۆ پاراستنی خاکو پیرۆزییەکانو هەرکەسێک دەست لەو ڕێگەیە هەڵبگرێت، دەبێت چەکەکە بۆ سەرچاوەکەی بگەڕێنێتەوە".
حزبوڵڵا هەروەک جهختیكردوهتهوه، "مقاوەمە مافێکی ڕەوایەو چەکەکانیان لەدەستی موجاهیدەکانیاندا دەمێنێتەوەو هیچ لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ حکومەتدا پێش چونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکاو ناتۆو تورکیاو دابینکردنی گەرەنتی بۆ پاراستنی گەل نایەتە کایەوە".
ئەم جیاوازییە لەدیدوبۆچونەکاندا لەکاتێکدایە کە بەغدا جوڵەیەکی سیاسییو ئەمنیی بەرفراوان بەخۆوە دەبینێت بۆ ڕێکخستنی قۆناغی دوای کەمکردنەوەی هەبونی سەربازیی بیانی، ئەمەش لەژێر سێبەری گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتو کۆتاییهێنان بەفرە هێزیو چەسپاندنی سەقامگیرییەکی درێژخایەن.
