شارپرێس:
فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ لەدیمەشق ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێكی هەماهەنگی دەستیپێكردوەو لەیەكەم ڕۆژدا هێزە ئەمنییەکان توانیویانە شانەیەکی ڕێکخراوی داعش لەشارۆچکەی داریا هەڵوەشێننەوە.
عەمید ئەحمەد دالاتی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ لەدیمەشق ڕایگەیاند،" هێزە ئەمنییەکان توانیویانە شانەیەکی ڕێکخراوی داعش لەشارۆچکەی داریا هەڵوەشێننەوە.
دالاتی ئەوەشی ئاشكراكردوە، ئۆپەراسیۆنەکە کە یەکەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەهەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی هەواڵگریی گشتی جێبەجێیان کردوە، پشتییان بەزانیاریی و پشکنینی وردو بەردەوامی هەواڵگریی بۆ جوڵەکانی چەکدارانی داعش بەستوە.
ئەو فەرماندەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئۆپەراسیۆنەکە بوەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی شانەکەو دەستگیرکردنی شەش لەچەکدارەکان، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی چەک و پێداویستییەکانیان و بڕێک پارە کە پشتیوانی ڕێکخراوەکەی کردوە.
فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ لەدیمەشق وتیشی،" ئۆپەراسیۆنەکە بەباشترین پلان و بەوپەڕی وردیەوە جێبەجێ کراوە، هاوکات سەلامەتی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتییانی سڤیلیش لەجێبەجێکردنی پلانەکە لەبەرچاو گیراوە.
دەشڵێت،" ئەم ئۆپەراسیۆنە، ڕەنگدانەوەی هەماهەنگییەکانی هێزە ئەمنییەکان و دەزگای هەواڵگرییە بۆ لەناوبردنی شانەکانی داعش.
سەبارەت بەبەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ سەر داعش، دالاتی ڕایگەیاندوە، ئۆپەراسیۆنەکە لەچوارچێوەی ستراتیژیەتی ڕاوەدونانی تیرۆریستان و ڕێگریی کردن لەهەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵگەو دابینکردنی ئارامی و ئاسایش، جێبەجێ کراوە.
