سیناتۆرێكی ئەمریكی بۆ كۆتایهاتنی حەماس و حزبوڵا پێشنیاری ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ ئیسرائیل دەكات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سیناتۆرێکی کۆمارییەکانی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیلی كردو هۆشداریداو ڕایگەیاند، ئەگەر بزوتنەوەی حەماس و حزبوڵای لوبنان چەکەکانیان دانەنێن، دەبێت  ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژیان دەست پێ بکاتەوە.


لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێویستە بەخێرایی پلانێک دابنێین و کات بۆ حەماس دیاری بکەین تا چەکەکانیان دابنێن، ئەگەر ئەمە نەکەن، من هانی ترەمپ دەدەم کە دەستی ئیسرائیل واڵا بکات بۆ ئەوەی کارەکە تەواو بکات و کۆتایی بەحەماس بهێنێت.

سیناتۆرە ئەمریکییە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، کە حەماس لەماوەی 90 ڕۆژی ڕابردوی ئاگربەستدا، خەریکی پتەوکردنی دەسەڵاتی خۆیەتی لەغەززە و جەختی کردەوە قۆناغی دوەمی ئاگربەست شکست دەهێنێت ئەگەر حەماس بەچەکداری بمێنێتەوە.

سەبارەت بەحزبوڵای لوبنانیش، گراهام هەڵوێستێکی توندی نیشانداو ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو گروپە چەکە قورسەکانی ڕادەست نەکات، پێویستە لەداهاتودا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدرێت.