شارپرێس:
ناڕەزایەتییەکان لەئێراندا لەماوەی هەفتەی دەستپێکیدا پەرەیسەندوەو توندوتیژیی زیاتر بوە، بەهۆی بارودۆخی ئابوریی وڵاتو نهبونى سیاسەتێكى ڕونى ڕژێمی دەسەڵاتدارەوە لهوبارهیهوه، ناڕەزایەتییەکان لەبازرگانەکانەوە دەستیپێکرد، بەڵام بەخێرایی قوتابیانو مامۆستایان بەشداریانکردو ئێستا لانیکەم له25 شار خۆپیشاندانهكان بڵاوبوەتەوە کە زۆربەیان لەڕۆژئاواو باشوری ڕۆژئاوای وڵاتن، هاوکات لەچەند گەڕەکێکی تارانی پایتەختیش بهردهوام خۆپیشاندانه.
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، لەخۆپیشاندانەکاندا لانیکەم 10 کەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە44 خۆپیشاندەریش بەگولـلهى دەمانچە برینداربونو دەیان کەسی دیکەش دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستدرێژییانکراوەتەسەر بریندارنو ئێستا لهنهخۆشخانهكاندان.
داواکارییەکان چین؟
سەرەتا ناڕەزایەتییەکان بەهۆی بەرزبونەوەی هەڵاوسانو بەرزبونەوەی نرخەکانەوە سەریهەڵدا، کە بەمانگرتنی بازرگانان لەبازاڕی گەورەی تاران دەستیپێکرد، بەڵام بەخێرایی پەرەیانسەندو بون بەداواکاری سیاسیی فراوانتر کە داوای گۆڕینی ڕژێمیان دەکرد.
خۆپیشاندەران دروشمیان بەرزکردەوەو توڕەیی خۆیان لەسیاسەتی دەرەوەی ئێران دەربڕی کە پێیانوایە، سەرچاوەکانی داهاتى وڵاتەکەیان بۆ پێداویستییە ناوخۆییەکان نییه، لەکاتێکدا ئێران یەکێک لەتوندترین قەیرانە ئابورییەکانی بەخۆیەوە دەبینێت، ههربۆیه دروشمی (نە غەززەو نە لوبنان، ژیانم بۆ ئێران) بهبهردهوامى لهدژى دهسهڵاتى ئێران دهوترێنهوه.
هەروەها خۆپیشاندەران دروشمی ناڕەزایی خۆیان لەدۆخی ناوخۆو حوکمڕانی تاک کەسی دهربڕیى، هەروەها داوای ئازادیی گشتییو کەسیی دهكهن، ئەوان دروشمی (مەرگ بۆ خامنهیى) یان (ئەمساڵ ساڵی خوێنڕشتن دەبێتو خامەنەیی دەڕوخێنرێت) یان (ئازادی، ئازادی، ئازادیو بێ ترس هەمومان پێکەوەین)یان وتهوه.
ئاژانسی هەواڵى ئەڵمانی ڕاپۆرتێكى وردى بڵاوكردوهتهوهو نوسیویهتى، "ناڕەزایەتییەکان بەرەو هەڵکشانو توندوتیژیی زیاتر دەچن، پۆلیسی ئێرانیش هۆشداریى لەڕاپەڕینی چەکداریی دەدات".
لهلایهكى دیكهوه ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران لەزاری وتەبێژی پۆلیسی ئێرانەوە نوسیویهتى، "ڕێگەنادەین دوژمنانی ئەم وڵاتە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بکەنە نائارامیو ڕاپەڕینی چەکدارییو تا دوا هەناسەی خۆمان، نەتەوەو گەل دەپارێزین".
ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شای ئێران کە لەشۆڕشی 1979دا ڕوخێنرا، داوادهكات خهڵكى ئێران بهگشتیىو بهتایبهت تارانى پایتهخت بڕژێنهسهر شهقامهكانو ناڕهزایى دژى دهسهڵاتى ئێران پیشان بدهن.
پەهلەوی لەپۆستێکدا لەسەر پلاتفۆڕمی ئێکس، داوای ئامادەیی بەرفراوانی خەڵک لەتاران دهكاتو داوادهكات ههموو ڕێگه سهرهكیهكان بگیرێنو ڕێگهى هاتوچۆ بهتهواوى پهكبخرێت.
ئێران لەکاتی ترسی ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتیو ئابوریدا، توشی سەختی ئابوریی دەبێت، بەهۆی ئەوەی بەهای دراوى وڵاتهكهى (تومەن) زۆر دابەزیوەو لەمانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوەوە زیاتر لهنیوەی بەهاکەی لەدەستدا، لەمانگی کانونی دوەمی ئەمساڵیشدا نرخەکان بەڕێژەی لەسەدا 52 بەرزبونەتەوەو تێکڕای ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتوەتە 42.2 لهسهد، ئهمهش بەگوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران.
ترەمپ هۆشدارییدەدات
شەپۆلی ئێستای ناڕەزایەتییەکان لەئێران گەورەترین شەپۆلی ناڕەزایەتییە لەدوای ساڵی 2022وه کە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لەکاتی دەستبەسەرکردنی لهلایهن پۆلیس، خۆپیشاندان لەسەرتاسەری وڵاتدا دهستیپێكرد.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە هۆشدارییدەدرێتە دەسەڵاتدارانی ئێران لەبەکارهێنانی توندوتیژیی دژی خۆپیشاندەران، لهو ڕوهشهوه دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەینی ڕابردوو وتى، "ئەگەر ئێران تەقە لەخۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بکاتو بیانکوژێت، ئەمریکا دەستوەرداندەکات بۆ ڕزگارکردنیان".
سەرۆکی ئەمریکا لەپۆستێکیدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال نوسیبوى، "ئێمە ئامادهین بۆ جوڵهكردن".
لەلایەکی دیکەوە، مای ساتۆ نوێنهرى تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لەئێران، داوای لەکاربەدەستانی تاران کرد،ڕێز لەمافی ئازادی ڕادەربڕینو کۆبونەوەى ئاشتیانە بگرێتو خۆی لەبەکارهێنانی توندوتیژیی دژیان بەدوربگرێت.
ساتۆ لەپەیامێکدا ئاماژەی بەڕاپۆرتی پەرەسەندنی پێکدادانەکانی نێوان خۆپیشاندەرانو هێزە ئەمنییەکان کردوە، وهكو خۆى دهڵێت، "هەواڵی نائارامکەرم پێگەیشتوە کە لانیکەم زیاتر لههەشت خۆپیشاندەر لەخۆپیشاندانهكاندا کوژراونو ژمارهیهكى زۆریش بریندارن، ئهمه ئێمهى نائارام كردوه".
سەرەڕای هۆشدارییەکان، لێدوانەکانی ئێران ئاماژە بەوەدەکەن، تاران بەرەو کەڵکوەرگرتن لەتوندوتیژیی هەنگاو دەنێت بۆ سەرکوتکردنی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی، لەهەمانکاتدا خۆی لەبازرگانەکان دوردەخاتەوەو داواکارییەکانیان بەڕەوا دەزانێت.
لهنوێترین كاردانهوهشدا، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵاى كۆمارى ئیسلامى ئێران دوێنێ شەممە لەهەوڵێکدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە، دانی بەداواکارییە ڕەواکانی خۆپیشاندەراندا نا سەبارەت بەقەیرانی ئابوریی.
لهو پهیامهیدا خامنهیى ئهوهشى نهشاردهوه، خوازیاری کۆتاییهێنان بهخۆپیشاندانهكان بوو، چهندجارێكیش وشهى ئاژاوەگێڕى لهبهرامبهر خۆپیشاندهران هێنا.
هاوكات ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیش لەنامەیەکدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرانو سەرنوسەرانی سهرجهم دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێرانى کردوە، جەختی لەسەر پێویستی جیاکارییەکی ڕون كردوهتهوه لەنێوان ڕەخنەو داخوازییە ئابورییەکانی خەڵکو ئەوەی ناوی بردوە (ئاژاوەگێڕیی ڕێکخراوو توندوتیژیی).
دەسەڵاتدارانی ئێران خۆپیشاندەران بە"تێکدەر" وەسفدەکەنو بزوتنەوەی ناڕەزایەتییان بەزلهێزە بیانییەکانەوە گرێداوە.
دوێنێ شەممە، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند، ژمارەی کوژراوانی توندوتیژییە بەردەوامەکانی ئێران بۆ 10 کەس بەرزبوەتەوە، کە دوو ئەندامی هێزی سەربازیی بەسیجیان تێدایە.
