شارپرێس:
فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆی ئێران، ئەحمەد ڕەزا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە "سەرکردایەتی ئاژاوەگێڕییەکانی ئێستا" دەکەن لە وڵاتدا دوو شەو پێش ئێستا دەستیپێکردووە.
ئەحمەد ڕەزا بۆ تەلەفزیۆنی ئێران ڕوونی کردەوە، "سەرەتا ناڕەزایەتییەک بە ڕەگ و ڕیشەی ئابوورییەوە لەلایەن بازرگانانی بازاڕەوە هەبوو، داواکارییەکانیان ڕەوا بوو، چونکە ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە هەڵاوسانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو. بەڵام ڕۆژی دواتر دۆخەکە پەرەی سەند و بوو بە ئاژاوەگێڕی سەر شەقامەکان".
ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: لە دوو شەوی ڕابردووەوە دەستمان بە هەڵمەتی گرتنی ئەو کەسانە کردووە کە سەرکردایەتی ئاژاوەگێڕییەکان دەکەن.
دەشڵێت، ئەو کەسانەی لەڕوی مەیدانی یان لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە سەرکردایەتی خۆپیشاندان دەکەن دەستگیردەکرێن و ژمارەیەکی زۆریشیان لێ دەستبەسەر کراون.