شارەزایانی ئابوریی: عێراق لەساڵی 2026دا لەبەردەم ئاڵنگاریی ئابوریی مەترسیداردایە

ئابوری

05/01/2026‌ 4765 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شارەزایانی ئابوریی ئاماژە بەوەدەکەن، بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2026 زیاتر قەیرانێکی دواخراوە نەک کورتهێنانێکی کاتیی، چونکە بەردەوامیی زۆربونی خەرجییە بەردەوامەکان لەبەرامبەر لاوازیی داهاتە نانەوتییەکاندا، کار لەکەرتی گشتیی دەکاتە شتێکی کاتیی‌و دارایی گشتیش دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە.


ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشبینیدەکرێت، نرخی نەوتی جیهانی بۆ ئاستی 55 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک یان کەمتر داببەزێت.

مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق باس له‌وه‌ده‌كات، موچەو خانەنشینی‌و خەرجییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتیی، پابەندبونێکی سەروەریی ڕێکوپێکن‌و ناتوانرێت دوابخرێن، تەنانەت لەکاتی دابەزینی نرخی نەوتیشدا.

دەشڵێت، "کۆی گشتیی خەرجیی موچەو خانەنشینییەکان مانگانە نزیکەی 8 ترلیۆن دیناری عێراقییە (نزیکەی 6.5 ملیار دۆلار)، کە زیاتر لە 35 ملیۆن هاوڵاتی سودی لێوەردەگرن".

لەبەرامبەردا، ئەحمەد عید توێژەری ئابوریی پێیوایە، ئەم گەرەنتییە فەرمییانە مەترسییە شاراوەکانی سەر دارایی گشتی لەناو نابات.

باس لەوەشدەکات، بودجەی 2026 نیشانەی قەیرانێکی دواخراوە، چونکە حکومەت بەردەوامە لەفراوانکردنی پابەندبونە جێگیرەکان، بەتایبەتی موچە، بەبێ دروستکردنی سەرچاوەی داهاتی بەردەوام یان جێبەجێکردنی چاکسازیی ڕاستەقینە لەپێکهاتەی خەرجیدا.

عید، مەترسییەکە لەبڕینی ڕاستەوخۆی موچەدا نابینێت، بەڵکو لەداخورانی توانای دارایی دەوڵەت لەڕێگەی قەرزکردن‌و کێشانەوە لەیەدەگەکان‌و گواستنەوەی قەیرانەکان بۆ ساڵانی داهاتوو.

هەروەها، مستەفا فەرەج شارەزای ئابوریی دوپاتیدەکاتەوە، بودجەی عێراق ڕوبەڕوی فشارێکی گەورەی ئابوریی دەبێتەوە بەهۆی کورتهێنانی حکومیی‌و قەرزە ناوخۆیی‌و دەرەکییەکانەوە.

ناوبراو پێشنیازدەکات، حکومەت نرخی نەوت بەلایەنی کەمەوە بە 55 دۆلار دیاریبکات‌و خەرجییەکان کۆنتڕۆڵبکات.

هەرچی کازم شممەری پەرلەمانتارە پێیوایە، چارەسەرەکە لەپشتگیریکردنی کەرتی تایبەت‌و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتدایە، چونکە پێشبینیدەکات، حکومەت لەدوو مانگی داهاتودا نەتوانێت موچەی فەرمانبەران تەنها لەداهاتی نەوت دابینبکات.