ڕۆژی ١ی دیسەمبەری ١٩٥٥، ڕۆژێکی ساردی نیمچە باراناوی بوو لە شاری مۆنتگۆمێری پایتەختی وویلایەتی ئەڵەباما، ژنێکی ڕەستپێستی لاوازی خوێن شیرین بەناوی “ڕۆسا پارک” کاتێک لەناو ئەم پاسەدا دانیشتبوو “کە لە وێنەکەدا دەرچووە” ڕەتیکردەوە کورسی پاسەکەی چۆڵ بکات بۆ سەرنشینێکی سپی پێست. پاشان ڕۆسا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا ئەوەش بووە هۆی بایکۆتکردنی پاسەکانی شاری مۆنتگۆمێری لەلایەن ڕەشپێستەکانەوە بۆ ماوەی ٣٨١ ڕۆژ، دواتر شۆڕشە مەزنەکەی جیاکاری ڕەگەزی لەسەرانسەری ئەمەریکادا سەریهەڵدا بە سەرۆکایەتی د. مارتن لۆثەر کینگ.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وێنەی خۆپیشاندانەکان جیهانی تووشی شۆک دەکرد، لە ڕۆژی ١٥ی ئەیلولی ١٩٦٣ کڵێسای باپتیستی لە شەقامی ١٦ی شاری بیرمینگهام بۆردومانکرا کە بوە هۆی کوژرانی چوار کچی بەڕەگەز ئەفریقی-ئەمریکی ئەمەش زياتر توڕەیی ناوخۆی ئەمەریکا و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، هەرچەندە ڕەشپێستەکان لەم شۆڕشەدا زیاتر لە ١٠٠ چالاکی مەدەنیان لێ تیرۆرکرا لەلایەن سپی پێستەکانی ناو دەزگا ئەمنیەکانی دەوڵەتەوە تەنانەت مارتن لوثەر کینگی سەرۆکی بزوتنەوەکەش لەساڵی ١٩٦٨دا لە شاری مەمفیسی وویلایەتی تێنسی تیرۆرکرا بەڵام شۆڕشەکە بەردەوام بوو تاکو دوای چوار مانگ لە تیرۆرکردنی مارتن لوثەر کینگ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا “لیندن جانسن” واژۆی لەسەر ئەو یاسا فیدراڵیانە کرد کە کۆتایی بە جیاکاری ڕەگەزی هێنا لە سەرانسەری وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا.
“دەربارەی وویلایەتی ئەڵەباما”
وویلایەتی ئەڵەباما دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکاوە.
کۆی ڕووبەری ئەڵەباما نزیکەی ٥٢،٤٢٠ میل چوارگۆشەیە (١٣٥،٧٦٧ کیلۆمەتر دووجا). ژمارەی دانیشتوانی وویلایەتی ئەڵەباما نزیکەی ٥.٢٠ پێنج ملیۆن و دووسەد هەزار کەسە.
گەورەترین شاری ئەڵەباما لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە شاری هانتسڤیڵە کە بە نزیکەی ٢٥٥،٠٠٠ دووسەدو پەنجاوپێنج هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.
هەروەها مۆنتگۆمێری پایتەختی وویلایەتی ئەڵەبامایە. هەرچەندە ئەڵەباما لە جیهاندا بە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان ناسراوە بەڵام نازناوی وویلایەتی ئەلاباما بریتییە لە “چۆلەکەی زەرد” هەروەها گەورەترین و بەناوبانگترین شوێن لە وویلایەتی ئەڵەباما بۆ گەشتیاری مۆزەخانەی ڕۆزا پارکە کە دەکەوێتە شاری مۆنتگۆمێری و ساڵانە نزیکەی ٥٥ هەزار کەس سەردانی مۆزەخانەی ڕۆزا پارکس دەکەن.