شارپرێس:
دواى بڕینى هێڵى ئینته‌رنێت له‌و وڵاته له‌لایه‌ن كۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه، هاوكات ده‌زگاو لایه‌نه ئه‌منیه‌كانى ئه‌و وڵاته، به‌نامه‌و له‌ڕێگه‌ى مۆبایله‌وه هۆشداریى به‌كه‌سوكارى گه‌نجه خۆپیشانده‌ره‌كان ده‌ده‌ن، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان مه‌ترسیه‌كى گه‌وره ئاشكراده‌كات‌و ده‌ڵێت، "به‌بیانویه‌ك، ئه‌گه‌رى په‌لامارێكى دڕندانه‌و كۆمه‌ڵكوژى دژى گه‌لى كورد هه‌یه".
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌ته‌وه به‌شارپرێس دراوه، له‌ڕێگه‌ى نامه‌ى مۆبایله‌وه، ده‌زگا ئه‌منیه‌كانى ئێران، كه‌سوكارى گه‌نجه خۆپیشانده‌ره‌كانیان ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌و داوایان لێكردون، ڕێگه‌یان پێنه‌ده‌ن تێكه‌ڵ به‌و پرسه ببن.
سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، "ئەو نامه‌یه بۆ زۆربەی ژماره مۆبایله‌كانى ئێران‌و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نێردراوەو نامه‌كه‌ش لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە ڕه‌وانه‌كراوه".
سه‌رچاوه‌كه باسى له‌وه‌شكرد، "بەداخەوه بەهۆی نەبون‌و بڕانى هێڵی ئینتەرنێتەوە، هەواڵی وردى خۆپیشاندانەکانی ئێران‌و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نازاندرێت".
له‌و نامه‌یه‌دا كه پۆلیس‌و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان بۆ كه‌سوكارى گه‌نجه خۆپیشانده‌ره‌كانیان ناردوه له‌دەقی نامه‌كه‌دا نوسراوه (خێزانی خۆپیشاندەره تێکدەرەکانی ئەم ڕۆژانەی کۆتایی ئاگاداردەکەینەوه کە ئاگاداری منداڵ‌و گەنجانی ناو خێزانەکەتان بن، چونکە لەناو ئەو خۆپیشاندانانەی کە ئێستا ئەنجامدەدەرێت کەسانى چەکداری تیرۆریست مەبەست لەحزبە کوردییەکانە بەشدارن).
سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس ڕونیكرده‌وه، "ئەم نامەیە دوابەدوای ئەوە نێردراوە کە زۆربەی شارە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەوی ڕابردوو لەشەقامەکان بون".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌شى له‌سه‌ر كوردانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ئاشكراكرد‌و وتى، "بەئەگەری زۆرەوه لەخۆپیشاندانەکانی ڕۆژانی داهاتوو لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئه‌گه‌رى هه‌یه بەبیانوی بونی چەکدار یاخود ئامادەبونی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەخۆپیشاندانەکاندا، کۆمەڵکوژیی دژى كورد ڕوبدات".
نامه‌ى پۆلیس‌و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانى ئێران بۆ كه‌سوكارى گه‌نجه خۆپیشانده‌ره‌كان له‌كاتێكدایه، دوێنێ هه‌ینى، مەولەوی عەبدولحەمید پێشنوێژی مزگەوتی مەکی لەشاری زاهیدان لەوتاری هەینیدا ڕوی دەمی لەبەرپرسانی وڵاتەکەی کرد‌و وتی:"خۆپێشاندان مافی ڕەوای خەڵکەو ئێرانییەکان خوازیاری گۆڕانکاریی گەورەن؛ بەرپرسان ئێرانیان کردوەتە گۆڕستانی برسییان، خەڵک داوای گۆڕانکاریی کرد، گوێتان نەدا، ئێستا گۆڕانکاریی قووڵ‌و گەورەیان دەوێت، تاقە ڕێگه‌ش هەر ئەمەیە، شەوانی ڕابردوو بینیمان کە چۆن خەڵکی ئێران، پیرو لاو، ژن‌و پیاو، کاسبکار، هەموو ئایین‌و نەتەوەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان ڕاپەڕین‌و هاتنەسەر شەقامەکان؛ هۆکارەکەشی نائومێدبونی خەڵکە لەدەسەڵات".