پرسی کورد لە سەردەمی دیجیتاڵدا: گەنجان، دیزاین و زمان وەک هێزی گەیاندن

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 31 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئازەر عوسمان:

دەنگی کۆمەڵگا لە نێوان مێژوو و ئێستادا

لە جیهانێکدا کە ڕووداوەکان خێرا دەڕۆن و میدیا زۆرجار لەژێر فشاری سیاسی و ئابووری دایە، هونەر هێشتا یەکێکە بوارە کاریگەرەکان کە دەتوانێت ڕاستی بە شێوەی مرۆیی بڵاوبکاتەوە. ئەم ڕۆڵە نە نوێیە و نە تایبەتە بە سەردەمی ئێستا، بەڵکو بەردەوامییەکی مێژوویی هەیە کە ئێستا تەنها شێوازی گۆڕاوە.پەیوەست بە دونیایی نوێ و پیشەسازی نوێ.
بۆئەوەی ئەم نوسینەم لەڕووی زانیاری و ئامانجی ئێستایی بێت بەش بەش لەسەر ڕووداوەکان کەمێک ئەمێنمەوە.

لە تابلۆ بۆ داتابەیس؛ هونەر وەک شایەتحاڵی مێژوو
کاتێک پابڵۆ پیکاسۆ تابلۆی Guernicaی دروست کرد، هیچ کامێرا و تۆڕێکی کۆمەڵایەتی نەبوو. بەڵام ئەو تابلۆیە هێشتا تا ئەمڕۆ وەک بەڵگەیەک لە تاوانی جەنگ خوێندراوەتەوە. ئەمە نیشان دەدات کە هونەر دەتوانێت کاری ڕۆژنامەوانی بکات، بەڵام بە زمانی هەست و هێما.
ئەمڕۆ، ئەو ڕۆڵە گواستراوەتە ناو دیجیتاڵ. وێنە، ڤیدیۆ، موشن ‌گرافیک و تا داتابەیسی ژیریی دەستکرد بوونەتە ئەرشیڤی نوێی مێژوو. جیاوازی سەرەکی ئەوەیە کە ئێستا هونەرمەند تەنها بینەر نییە بەڵکو دروستکەر و بنیاتنەری داتاشە. جیاواز لەوەی چالاکوانێک و بگەڕێکە لەناو ئەم دونیا پڕ زانیارییەی ئێستادا.
هۆکارە سیاسی و جۆگرافیەکان لەناوچە و وڵاتانی دی و بەلەخۆگرتنی بەرژەوەندییە جیاوازەکان چەندین چەنگ و پێکدادانی بەخۆوە بینیوە. لەهەموو سەردەم و کاتێکدا شۆکێکی گەورە بووە بۆ مرۆڤایەتی و کاریگەریشی بەردەوامە لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی. هەرچەندە لەگەڵ پیشکەوتنی سەردەم و کەرەستەکانی جەنگ و سەربازی و پیشکەوتنە تەکنەلۆجیاکان جۆر و کاریگەری ڕووداوەکانیشی گۆڕیوەو برینەکان و خەمەکانی لە فۆرم و شیوازی جیاوازدا نیشانداوین. کە مرۆڤایەتی زۆرینە تەنها بینەرێکە. هەر هەمان تەکەنەلۆجیاش دەکرێت هۆکاربێت بۆ سڕینەوەو شاردنەوەی زۆرێک لە ڕاستییەکان.



فلسطین؛ هونەر لە نێوان بەرگری و تۆمارکردن
لە فلسطین، هونەر هەمیشە زیاتر لە هونەر بووە. کاریکاتێرەکانی ناجی العلی[i] لە ساڵانی 1970دا، نەک تەنها ڕەخنەی سیاسی بوون، بەڵکو تۆمارێکی مێژوویی بوون لەسەر ئاوارەیی و بێ ‌مافی. کارەکتەری “حنظلة[ii]” هێشتا وەک ئایکۆنێکی جیهانی خوێندراوەتەوە.
لە سەردەمی ئێستادا، ئەو میراتە گواستراوەتە ناو دیجیتاڵ. ڤیدیۆی مۆبایل، درۆن، موشن‌ گرافیک و تا AI بۆ ڕێکخستنی وێنەکان، ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی غەزە و کرانەوەی ڕۆژئاوا تۆمار دەکات. هونەر لێرەدا بووە بە بەرگری لە لەبیرچوونەوە، چونکە هەموو ڤیدیۆیەک، دەتوانێت بەڵگەیەکی داهاتوو بێت.

لاتین ئەمریکا؛ هونەر وەک دژی فەرامۆشی
لە لاتین ئەمریکا، بە تایبەتی لە شیلی و ئەرجەنتین، هونەر لە سەردەمی دیکتاتۆرییەکاندا ڕۆڵێکی هاوشێوەی ڕۆژنامەوانی شاراوەی گێڕاوە. گۆرانییەکانی [iii]Víctor Jara یان شانۆی شەقام، دەنگی ئەوانە بوون کە “دیار نەبوون”.
ئەمڕۆ، ئەو هونەرە بە شێوەی دیجیتاڵ بەردەوامە. فیلمی دۆکیومێنتاری دیجیتاڵ و ئارشیڤی ڤیدیۆی خەڵکانی دی، مێژووی ستەمی پاراستووە. ژیریی دەستکرد لە هەندێک پڕۆژەدا بەکاردێت بۆ پۆلێنکردنی ئەو داتایانەی کە دەسەڵات حەزی لە سڕینەوەیانە.

ئێران؛ هونەر لە ژێر سێبەری سەرکوتکردندا
لە ئێران، هونەر هەمیشە لە نێوان سنوور و داهێناندا ژیاوە. بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” نیشانی دا کە ڤیدیۆ و دیزاینی دیجیتاڵ دەتوانن بەرزترین شێوەی ڕاگەیاندن بن. هونەرمەندان بە موشن‌گرافیک و وێنەی هێمایی، ژیانی ئەوانەیان تۆمار کرد کە دەسەڵات هەوڵی سڕینەوەی دەدا.
AI لێرەدا بەکارهاتووە بۆ بازسازی وێنەکان، دروستکردنی پۆستێر و پاراستنی ناسنامەی قوربانییەکان. بەڵام هەمان کات، ترسی دروستکردنی ناوەڕۆکی درۆیی (deepfake)ش هەیە بۆیە کەتواری دیجیتاڵ بووەتە بەشێکی گرنگ لە چالاکی هونەری.

ئەفریقا؛ هونەر و ژیریی دەستکرد بۆ ناسنامەی نوێ
لە ئەفریقا، هونەرمەندان زۆرجار دەنگی ئەو کۆمەڵگایە بوون کە میدیا جیهانیەکان کەمتر پێیان گەشتووە. لە ئەفریقای باشووریدا، مۆسیقا و شانۆ دژی ئاپارتهاید[iv] بوون. ئەمڕۆ، دیزاینی دیجیتاڵ و فیلمی زیرەک، بابەتی کۆلۆنیالیزم و ناسنامەی نوێ دەهێننە پێشەوە.
ژیریی دەستکرد لێرەدا بەکارهاتووە بۆ دروستکردنی وێنە و ڕوونکردنەوەی مێژوو بە زمانی گەنجان. هونەر بووە بە پەیوەندییەک لە نێوان ڕابردوو و داهاتوو. ئەمانە هۆکاربوون بۆ جێگیرکردنی ڕێکخراو بەدەنگەوەهاتنی جیهانی.

ڕۆژئاوای کوردستان: گەنجان، دیزاینی دیجیتاڵ و دروستکردنی دەنگی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی پرسی کورد
لە تەواوی کوردستان و جیهان، هونەری دیجیتاڵ بە تایبەتی لەلایەن گەنجانەوە گەشەی زۆری کردووە. دیزاینی گرافیکی، ڤیدیۆی کورت، موشن‌گرافیک و ئێستا  AI، بابەتی ناسنامە، مافی مرۆڤ و ژیانی پەنابەران دەهێننە ناو گفتوگۆی گشتی.
ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویدا و هاوکات کە بەردەوامی هەیە لەسەر ژیانی کورد و بەهۆکاری ئەوەی نەتەوەیەکی بێ سەربەخۆیی و وڵاتێکی خاوەن نەخشەی ڕاستی بین، باڵی کێشاوە بەسەر بیرکردنەوەی هەمووو تاکەکانی ئێمەداو خۆشبەختانە ئەم تەوژمە جوڵەی پڕزانیاری و پر جۆش و خرۆشی نەتەوەیی و پێزانینی گەنجانیشی بەدوای خۆیدا هێنا کە بووە بەرهەمهێنانی چەند کار و ناوەرۆکی جوان. کە بەداخەوە هێندە تراژیدیمان هەیە و تیایدا ژیاوین و تا بتوانین لەڕێگەیەوە ووتار و دەنگی خۆمان بگەیەنین.
"بەکاری خۆمی نازانم ڕووە سیاسیەکان لەم بابەتەدا ئاماژە پێبکەم، پیشەی من نییە"
پەیوەست بە گەیاندنی دیجیتاڵی ڕۆژئاوای کوردستان لێرەدا نەک تەنها شوێنی ڕووداوە، بەڵکو شوێنی دروستکردنی ناوەڕۆکی کاریگەرییە. جوڵەکان لەنێوان تاکاکاندا جیاوازن کاتێک باشوور، ڕۆژهەڵات، باکوور بەر ڕووداوی ڕۆژئاوا دەکەوێت ئەرکی خۆیەتی سوود لەتەواوی پلاتفۆرمەکان ببینێت تا دەنگی خۆی بگەیەنێت وئەمە بابەتێکە پێم وایە دەبێت هەمووان پشتگیری بکەین لەپێناو دۆزی کورد ونەتەوەی کورد.
لەگەڵ دروستبوونی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان میدیا ئەرکێکی تری کەوتە ئەستۆ و ئاڕاستەی خۆی گۆڕی چونکە هەمووان بوونە خاوەن پێگە و سەکۆی خۆیان. ژیریی دەستکردیش و هەموو ئەو بەرنامە و تووڵانەی کەوتنەبەردەست بابەتێكی نەهێشتەوە بۆ تایبەتمەندی و پیشەیی بوون و پێویستی بە نوێبوونەوەو ئاڕاستەی ترە بۆ جیاکاری و شارەزایی. هەمووان دەتوانین بەکاربەربین، ئەو چەمکەی خواستمانە تیایدا بەرجەستەی بکەین و بەرهەمبهێنین. وردەکاری و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد درک و زانینی ئەلگۆریتمی بابەتێکی دییە و تاڕادەیەک ئەکادیمییە ئێمە لێرەدا خۆمانی پێوە سەرقاڵ بکەین.
ئەوەی گرنگە لەناو ئەم دروستبوون و خێراییەدا و پەیوەست بە پرسی ئێمەی کوردەوە لەسەرمانە خۆمانی تیادا بەقولی جێبکەینەوە و چەند توانامانە و لەبەردەستمانە بۆ ئامانجەکانمان کاری لەسەر بکەین، جوانی بەکارهێنان لەم بەرنامانەدا پەیوەستە بە شیوازی بیرکردنەوەو زانینی و سۆزی تاکەوە بۆ بەرهەمهێنان و دیزاین کردن.
گرنگە بڵێم لەناو ئەم دونیا تەکنەلۆجی و دیجیتاڵەیشدا ئەرکێکی ترمان لەسەرە ئەویش ئەوەیە زمان و دارشتنی خۆمان هەبێت بە زمانی پاراو ووشەزاسی خۆمان (کوردی). لەناو ئەو بەشەی لە زمانی ژیریی دەستکردا دەوترێت Generative AI[v]
چەند بە کوردی بدوێین و بنوسین و داوابکەین لە بەرنامەکان تا بەرهەمهێنان Generate مان بۆبکات و جەخت لەوە بکەینەوە زمانی کوردی دیار و سەرچاوەی هەمووی بێت. هەڵبەتە ئەمەش شۆڕشێکە و لەتەواوی تۆڕ و پێگەکاندا زمانی خۆمان و ووشەسازی خۆمان بەهێز دەکەین. ئەبێت زمان و بیرکردنەوەشمان بە کوردی لە پێگەکاندا بچەسپێنین و تا نەوە دوای نەوە ئەزموون و توانا و بیری خۆی بخاتە سەر. ببینە ئەو ڕاستییەی هێزی نەتەوەو زمانمان نیشان بدەین.
هەڵبەتە بۆ گەیاندنی بە جیهان و کەسانی دی بێگومان لەگەڵ ئەوەدام ئەم دەنگە بە زمان و کردارە جیاوازەکان کاری لەسەر بکرێت و بڵاوبکرینەوە بۆ ئەوەش لەبەش و شارەزایی کەسانی ترمان هەیە و دیاسپۆراش خۆشبەختانە ئەو دەنگەن بۆ گەیاندن. قسەکەی من لە شوێنێکی تردایە و دەڵیم تکایە لەپێناو ئەم دۆزە:
با بەکوردی بنووسین، بەکوردی وێنا بکەین، بەکوردی بەرنامەکان بەکاربهێنین و داوابکەین، بەکوردی بیربکەینەوە، بەکوردی نەخشە بکێشین، بەکوردی هاوخەمبین، بەکوردی بڵیین بژی بەرخۆدان، بەکوردی بڵاویان بکەینەوە، بەکوردی داوابکەین وەرگێران بکەین، بەکوردی داتاکان پڕبکەین، بەکوردی ناوەکان بنووسین، بەکوردی هاوار بکەین، ئێوەش بەکوردی هەموو ئەوانی تر بڵێن کە لەناوەوەی هەمووماندایە.
 بەکوردی ..........
بەکوردی ...........
بەکوردی ...........
بەکوردی ...........

بەکوردی بەکوردی بەکوردی ئەژین و ئەمرین دڵنیابن ئەمە پرسی ئێمەیە. بۆ گەیاندن و بە جیهانی بوونی خۆمان و نەتەوەمان.

ژیریی دەستکرد؛ هێز یان مەترسی؟
ژیریی دەستکرد دەتوانێت هونەر و چالاکی بەرز بکات لە خێراکردنی دروستکردنی ناوەڕۆک، بۆ ئارشیڤکردنی مێژوو. بەڵام هەمان کات، مەترسیی دروستکردنی ناوەڕۆکی درۆ و سڕینەوەی متمانەش هەیە.
بۆیە، پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە “AI باشە یان خراپ؟”
پرسیارەکە ئەوەیە: لە دەست کێدایە و بۆ چی بەکاردێت؟ بەچی ئامانچ و چەمکێک بەکاردێت. ئەم پرسەش پسۆر و لایەنی ئەکادیمی خۆی هەیە و کەسێک پەیوەست بەو بابەتە چەمکی خۆی دیاریدەکات و کاری لەسەر دەکات. ئەوەی لێرەدا گرنگە لەناو فرەبەرهەمی ئێستادا کە هەمووان دەتوانن بەکاری بهێنن با سوودەکەش لە نێوکۆی خۆماندا ڕێکبخەین.

کۆتایی؛ هونەر و کولتوور وەک مێژووی دیجیتاڵی مرۆڤایەتی
لە کۆتاییدا، لە تابلۆی پیکاسۆ بۆ ڤیدیۆی AI، هونەر هەمیشە دەنگی ئەوانە بووە کە دەنگیان نییە. لەگەڵ جیهانی گۆڕاو پڕ لە کێشمە کێشم، ئامراز گۆڕاوە، بەڵام ئەرک هەمان ئەرکە، بۆ تۆمارکردنی ڕاستی، بەرگری لە مرۆڤایەتی و پاراستنی بیرەوەری.



[i] ناجی سەلیم حسێن ئەلعەلی کارتۆنیستێکی سیاسی فەلەستینی بوو، بە ڕەخنەی سیاسی لە ڕژێمی عەرەبی و ئیسرائیل لە بەرهەمەکانیدا ناوبانگی دەرکرد.

[ii] حەنزالە ناوێکە کە چەندین مانای هەیە، دیارترینیان کارەکتەری کاریکاتێری ئایکۆنی کارتۆنیستی فەلەستینی ناجی ئەلعەلی (هێمای ناسنامەی فەلەستینی) و هاوەڵی گەورەی حەنزەلە بن ئەبی عامر (ئەو کەسەی کە لەلایەن فریشتەکانەوە شۆردراوە). هەروەها ناوێکە کە بە گروپە چەتەی دەریایی مۆدێرنی ئێرانی دراوە، هەروەها بە کەشتییەکی هاوپشتی بۆ شکاندنی گەمارۆی غەززە. هەروەها پەیوەندی بەو ڕووەکەوە هەیە کە میوەی تاڵەکەی هەیە.

[iii] ڤیکتۆر لیدیۆ جارا مارتینێز مامۆستایەکی شیلی، دەرهێنەری شانۆ، شاعیر، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و چالاکی سیاسی شیوعی بوو. ئەو شانۆی شیلی بە دەرهێنانی کۆمەڵێک بەرهەمی بەرفراوان پەرەی پێدا، لە شانۆنامەی بەرهەم هێنراوی ناوخۆییەوە تا دەگاتە کلاسیکە جیهانییەکان.

[iv] ئاپارتاید سیستەمێکی جیاکاری ڕەگەزی دامەزراوەیی بوو کە لە باشووری ئەفریقا و باشووری ڕۆژئاوای ئەفریقا لە ساڵی ١٩٤٨ تا سەرەتای نەوەدەکان بوونی هەبوو.

[v] Generative AI جۆرێکە لە زیرەکی دەستکرد کە ناوەڕۆکی نوێ دروست دەکات، وەک دەق، وێنە، مۆسیقا و کۆد، بە فێربوونی نەخشەکان لە کۆمەڵە داتا فراوانەکانەوە، نەک تەنها شیکردنەوە یان پۆلێنکردنی زانیارییە هەبووەکان. بەهێزکراوە لەلایەن "مۆدێلی بنەڕەتی" گەورەوە، پێشبینی وشە، پێکسڵ، یان دەنگی داهاتوو دەکات بۆ دروستکردنی بەرهەمی ژیاو لە وەڵامی ئامۆژگارییەکان، گۆڕینی بوارەکان لە هونەر و کات بەسەربردنەوە بۆ چاودێری تەندروستی و دارایی بە چالاککردنی دروستکردنی ناوەڕۆک، زیادکردنی داتا و ئۆتۆماتیکیکردنی ئەرکەکان.