نێردەی ترەمپ پێش سەردانەكەی نەخشەڕێگەی كاركردنی لەگەڵ عێراق ڕاگەیاند

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 690 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لەنوێترین پەیامیدا ئاشكرایكرد، ئەمشەو لەکۆشکی سپی زنجیرەیەک کۆبونەوەی گرنگی لەگەڵ وەزیری جەنگ و بەرپرسی دژەتیرۆری وڵاتەکەی کردوەو دەڵێت،" نەخشەڕێگەیەکیان بۆ قۆناغی داهاتوی عێراق داڕشتوە".

 
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لەپۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) ڕایگەیاند،" ئەمڕۆ لەکۆشکی سپی کۆبونەوەیەکی بەرهەمدارم لەگەڵ پێت هێگزس، وەزیری جەنگ و د.سەباستیان گۆرکا، بەڕێوەبەری ئاژانسی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر کرد".
 
نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا دەشڵێت، ڕێککەوتون لەسەر ئەوەی ئەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەبارەوە کردوە، بکرێنە ئەجێندای سەرەکیی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ عێراق.
 
مارک ساڤایا دەڵێت،" لەعێراق لەگەڵ بڕیاربەدەستە پەیوەندیدارەکاندا کۆدەبمەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دۆخەکە، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی عێراقداو دەشڵێت،"لەگەڵ بڕیاربەدەستانی بەغدا کار لەسەر ئەو دۆسیانە دەکەین".
 
ساڤایا مانگی ڕابردوو ئاشكرایكرد كەبەمزوانە سەردانی بەغدا دەکات.
 
ئەمە لەكاتێكدایە، ڕۆژی ڕابردوو، نێردەكەی ترەمپ، ڕایگەیاند، بەمەبەستی تاوتوێکردنی چاکسازیی لەسیستەمی بانکیی عێراق‌و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی دارایی، زنجیرەیەک کۆبونەوەی گرنگی لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاو نوسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (OFAC) ئەنجامداوەو وتيشى، "هەنگاوەکانی داهاتومان تاوتوێکردوە سەبارەت بەسەپاندنی سزا بەسەر ئەو ئەکتەرو تۆڕە تێکدەرانەی کە زیان بەدەسپاکی دارایی‌و دەسەڵاتی دەوڵەت دەگەیەنن".

بەپەلە