بەرپرسێكی ڕۆژئاوا چەندین پێشێلكاری زەقی سوپاكەی شەرع ئاشكرادەكات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 285 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، سوپای عەرەبیی سوریا پابەندی ئاگربەست نەبوەو لەچەندین قۆڵەوە هێرشی چڕی کردوەتە سەر ناوچە کوردییەکان و زیندانییانی داعشی ئازاد کردوە، كەئەوە پێشێلكارییەكی زەقی ڕێككەوتن و هەموو ڕێساكانە.


ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەئیدارەی خۆسەر ئاشكرایكرد،" هێرشێکی سەخت لەشێخ مەقسودەوە دەستیپێکردوەو سوپای عەرەبیی سوریا پابەندی ئاگربەست نەبوە"، دەشڵێت،" ئێستا شەڕ گەیشتوەتە ڕێگای نێوان شەدادی و حەسەکە و گوندەکانی کۆبانی".

بەرپرسەكەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هێرشی سوپای عەرەبی سوریا لەدەورووبەری کۆبانێ بەردەوامەو گەمارۆیەکی توند خراوەتە سەر ناوچەکە، ئێستا ئاوی خواردنەوەو کارەبا نەماوە.

ئەو بەرپرسەی ڕۆژئاوای کوردستان وتیشی، دۆخی ئەمنی لەڕۆژئاوای کوردستان بەرەو ئاڵۆزییەکی بێوێنە دەچێت و هێرشەکانی سوپای سوریا لەچەندین میحوەرەوە بەردەوامییان هەیە، بەتایبەتی لەحەسەکەو دەوروبەری کۆبانی کە تێیدا شەڕی سەخت ڕودەدات.

باسی لەوەشکرد، یەکێک لەمەترسییە هەرە گەورەکان ئەوەیە کە سوپای عەرەبیی سوریا دەستی کردوە بەئازادکردنی چەکدارانی داعش لەزیندانەکان، کە ئەمەش هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، بەتایبەت کە لەکەمپی هۆل.

جەختیش دەكاتەوە، كە نایانەوێت خوێن بڕژێت و داوای وەستاندنی دەستبەجێی شەڕ دەکەن و دەڵێت،" داوا لەتەواوی گەلی کورد دەکەن کە پشتیوانیی ڕۆژئاوا بکەن بۆ پاراستنی خاک و دەستکەوتە نەتەوەییەکان لەم قۆناغە سەختەدا.

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند،"پێویستە دەستبەجێ ئاگربەست ڕابگەیێنرێت، چونکە چەکدارانی سەر بەدیمەشق کۆمەڵکوژیی دەکەن و بەرپرسیاری سەرەکیی دروستبونی شەڕی نێوان کوردو عەرەبن.