سودانی سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی بەپەلەی سوپای عێراق و پێشمەرگەی گرد

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1346 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی ئەمنی بەپەلە دەكات بۆ تاوتوێكردنی ئاستەنگەكانی ناوچەكە و ڕووداوە خێرا پەرەسەندووەكان لە لایەنی سوریا.

سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەمنی كرد، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە، هەروەها كۆبوونەوەكە سەركردە سەربازی و ئەمنییەكان و نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد و سەرۆكی ئەركانی پاسەوانی هەرێمی كوردستان (پێشمەرگە)ی لەخۆگرت، بۆ تاوتوێكردنی ڕووداوە خێرا پەرەسەندووەكان لە لایەنی سوریا و ئەو ئاستەنگانی ڕووبەڕووی ناوچەكە دەبنەوە".

لە كۆبوونەوەكەدا سودانی رایگەیاند، سنوورە نێودەوڵەتییەكان بە تایبەتی لەگەڵ سوریای دراوسێ بە تەواوی پارێزراوە لەگەڵ توانای بەرزی هێزەكانمان بۆ ڕێگریكردن لە هەر هەوڵێكی دزەكردن بۆ ناو خاكی عێراق.

 سودانی راشیگەیاند، گرووپە تیرۆریستییەكان توانای ئەنجامدانی هیچ و هەوڵ و هێرشێكیان نییە، چ لەسەر سنوورەكان بێت یان لە ناو شارەكان، دوای ئەوەی لەسەر دەستی هێزە ئەمنییە قارەمانەكانمان گورزی قورسیان بەركەوت.

هەروەها سودانی فەرمانی كرد بە توندی مامەڵ بكرێت لەگەڵ هەر هەوڵێك بۆ تێكدانی ئاسایش لەسەر سنووری هاوبەش و بە بەردەوامی سنورەكە چاودێری بكرێت و پشتیوانی تەواو پێشكەش بەو پاڵەوانانە بكرێت كە لەسەر سنووری نێودەوڵەتی جێگیرن و سەقامگیرییەكی ئەمنی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پاڵپشتی و بەهێزكردنە بەرفراوانانەی كە حكومەتی عێراق ساڵانێكە كاری لەسەر دەكات، هەروەها فەرمانی كرد بەدواداچوون بۆ هەموو پێداویستییەكانی هێزەكانی پاسەوانی هەرێمی كوردستان عێراق بكرێت و پاڵپشتی تەواویان پێشكەش بكرێت.

لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا باس لە گرنگی سەقامگیری لە سوریا كرا و باس لەوەكرا پێویستە كۆمەڵگەی عەرەبی و نێودەوڵەتی كار بكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی ئەو وڵاتە و ڕاگرتنی هەموو جۆرەكانی شەڕ و توندوتیژی لە ناوخۆی خاكی سوریا، هەروەها جەختكرایەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە سوریا كار بكەن بۆ توندكردنەوەی كۆنترۆڵكردنی زیندانەكان و ڕێگری كردن لە هەڵهاتنی باندە تیرۆریستی و تاوانكارییەكان.