شارپرێس:
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەفەرمی پابەندبونی هێزەکانی بەو ئاگربەستە ڕاگەیاندو دەڵێت،" لەگەڵ حکومەتی دیمەشق لێکتێگەیشتنی لەسەر کراوەو تاوەکو هێرشیان نەکرێتە سەر، دەستپێشخەری بۆ هیچ کردەوەیەکی سەربازی ناکەن و ئامادەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی 18ـی ئەم مانگەن.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ئاگربەستەكەوە بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،" پابەندبونی تەواوی هێزەکانمان بەو ئاگربەستە ڕادەگەیەنین کە لەگەڵ حکومەت لە یمەشق لێکتێگەیشتنی لەسەر کراوە".
هەسەدە جەختی لەوە کردوەتەوە، کە ئەوان دەستپێشخەری بۆ هیچ کارێکی سەربازی ناکەن، مەگەر لەداهاتودا هێزەکانیان ڕوبەڕوی هێرش ببنەوە.
لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، فەرماندەیی گشتیی هەسەدە ئامادەیی خۆی بۆ چارەی ئاشتییانە نیشان داوەو دەڵێت،" کە کراوەین بەڕوی ڕێڕەوە سیاسییەکان و چارەکان لەڕێگەی دانوستان و گفتوگۆوە."
هەسەدە لەکۆتایی ڕاگەیەنراوەکە، ئاماژەی بەوە داوە،" ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی 18ـی کانونی دوەم، بەو شێوەیەی کە خزمەت بەهێورکردنەوەی دۆخەکەو سەقامگیری دەکات."