عێراق له‌لێكه‌وته‌ مه‌ترسیداره‌كانى دۆخى ڕۆژئاواى كوردستان ئاگادارده‌كرێته‌وه‌

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6703 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هۆشداریی لەلێکەوتە مەترسیدارەکانی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر عێراق دەدرێت، شاره‌زایه‌كى كاروبارى ستراتیژیش ده‌ڵێت، "زیادبونى هه‌ژمونى ده‌سه‌ڵاتى دیمه‌شق له‌سه‌ر حسابى هه‌سه‌ده‌، مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆسه‌ر عێراق".


جاسم غەرابی شارەزای کاروباری ستراتیژی ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو گرژییە سەربازیی‌و ئەمنییانەی کە لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەریانهەڵداوەو بونەتە هۆی فراوانبونی هەژمونی حکومەتی سوریا لەسەر حیسابی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌)، مەترسیی جیدییان بۆسەر عێراق دروستکردوە.

غەڕابی لەلێدوانێکدا وتویه‌تى، "هەڵاتنی ژمارەیەک لەچەکدارانی داعش لەزیندانەکان‌و ئەو پشێوییە ئەمنییەی دروستبوە، تەنها هەڕەشەیەکی سەربازیی نییە، بەڵکو ڕەهەندی کۆمەڵایەتیی‌و نەتەوەیی قووڵیشی هەیە".

هەروەک دەڵێت، "بەهۆی تێکەڵاویی پێکهاتە نەتەوەیی‌و عەشیرییەکان لەهەردوو دیوی سنور، هەرجۆرە جەمسەرگیرییەکی توند یان ململانێیەکی نەتەوەیی لەسوریا، ڕاستەوخۆ کاردانەوەی لەسەر ناوخۆی عێراق دەبێت‌و دەبێتە هۆی تێکچونی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی‌و پەرەسەندنی گوتاری توندڕەویی لەناوخۆی وڵاتدا".

ئاماژە بەوەشدەکات، "ئەم ململانێیانە دەکرێت ببنە هۆی دروستبونی گرژیی لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق‌و هاندانی گەنجان لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە، ئەمەش ئەرکێکی قورس دەخاتەسەر شانی حکومەت".

وتوشیەتی، "بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق تەنها پشت بەڕێکاری ئەمنیی نەبەستن بۆ پاراستنی سنورەکان، بەڵکو دەبێت لەڕێگەی گوتارێکی نیشتمانیی یەکگرتوو و بەشداریپێکردنی کەسایەتییە ئایینی‌و ئەکادیمییەکان، ڕێگریی لەتێپەڕبونی ئەو ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییانە بکەن بۆ ناوخۆی عێراق، چونکە ناسەقامگیریی لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاو چارەنوسی زیندانیانی داعش، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە".

بەپەلە