ئەحمەد شەرع و شاندێكی كورد كۆبونەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 486 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریاو شاندێكی ئەنجومەنی نیشتیمانی كورد ئەنەكەسە كۆبونەوەو مافە دەستورییەكانی كور لەسوریاو مەرسومی سەرۆكایەتی تاوتوێكرا.


لەڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی سوریادا هاتوە، لەمیانەی کۆبونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع و شاندێکی ئەنەکەسە، جەخت لەسەر مافە دەستوریەکانی کورد کرایەوە، هەروەها مەرسومەکەی سەرۆکایەتی سوریاش، بەهەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژی وەسف کرا.

لەڕاگەیەندراوەكەدا باس لەوەشكراوە، كە ئەحمەد شەرع جەختی کردووەتەوە لەسەر پابەندبونی تەواوی دەوڵەت بەدەستەبەرکردن و پاراستنی مافی هاوڵاتییانی کورد، وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی وڵات، بەجۆرێک کە لەگەڵ ماددەو بڕگەکانی دەستوری وڵاتدا بگونجێت.

لای خۆیەوە، شاندی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد، خۆشحاڵی خۆیان بەدەرچونی مەرسومی سەرۆکایەتیی سوریا ژمارە 13 دەربڕی و بەگەرمی پێشوازییان لێکرد.

لەڕاگەیەنراوەکەدا هاتوە، شاندەکە دەرچونی مەرسومەکەیان بەهەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگ وەسف کرد لە پێناو چەسپاندنی مافەکان و پاراستنی تایبەتمەندییە کولتوری و کۆمەڵایەتییەکانی پێکهاتەی کورد لەسوریا.

ئەم کۆبونەوەیە لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و گرنگیدان بە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی سوریا دێت.