پرسیاری "ئایا تۆ شەیتانی؟" دۆسیەی چاوپێکەوتنە تایبەتەکانی جێفری ئێپستینی جارێکی تر کردەوە

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 264 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەم پرسیارەی ستیڤ بانۆن لە ملیاردێرە ئەمریکییەکە، تەنیا دەربڕینێکی لەناکاو نەبووە، بەڵکو لە چوارچێوەی زنجیرە چاوپێکەوتنێکی درێژدا بووە کە لە ساڵی 2019 و تەنیا چەند هەفتەیەک پێش دەستگیرکردنەوەی ئێپستین بە تۆمەتی بازرگانیی سێکسی بە قوربانیانی کەم تەمەن ئەنجام درابوون.

 
 بەپێی ڕاپۆرتەکانی "بزنس ئینسایدەر"، بانۆن و ئێپستین هەماهەنگییان کردووە بۆ تۆمارکردنی نزیکەی 15 بۆ 16 کاتژمێر چاوپێکەوتنی ڤیدیۆیی لە ماوەی نێوان مانگی 4 بۆ کۆتایی مانگی 6ی ساڵی 2019 لە ماڵەکەی ئێپستین لە نیویۆرک.

ئەم تۆمارانە وەک بەشێک لە پڕۆژەی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری ئامادەکرابوون کە ئامانجیان دووبارە داڕشتنەوەی وێنەی گشتی ئێپستین بوو لە میدیاکاندا.
 لە لایەکی ترەوە، گۆڤاری "هۆلیوود ڕیپۆرتەر" باس لەوە دەکات کە مەبەست لەم چاوپێکەوتنانە مەشق پێکردنی ئێپستین بووە بۆ دەرکەوتنی گریمانکراوی لە بەرنامەی "60 خولەک"، بۆیە بانۆن پرسیاری زۆر توند و هێرشبەرانەی وەک "تۆ شەیتانی؟" ئاراستە کردووە تا توانای بەرگەی ئێپستین و کاردانەوەکانی تاقی بکاتەوە.

تیمی بەدواداچوونی جەزیرە" لە بەدواداچوونێکی دیجیتاڵیدا بۆیان دەرکەوت کە لە ساڵی 2021 گرتەیەکی کورتی بانگەشەیی بۆ ئەم چاوپێکەوتنانە لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە، بەڵام دواتر ڤیدیۆکە و کەناڵەکەش بەیەکجاری سڕدرانەوە.

تا ئێستا بانۆن هیچ کام لەو تۆمارە تەواوانەی بڵاونەکردۆتەوە و تەنیا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەشێکن لە پڕۆژەیەکی دۆکیۆمێنتاری کە هێشتا وادەی دەرچوونی ڕانەگەیەندراوە.

 بەم شێوەیە، ئەو پرسیارە وەک یەکێک لە پڕکێشەترین ساتەکانی چاوپێکەوتنە بڵاونەکراوەکان دەمێنێتەوە کە سێبەری خستووەتە سەر یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسیە تاوانکارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.