شارپرێس:
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایگەیاند، هاوپەیمانان بەردەوامی پاڵپشتی و پشتیوانیەکانی ئەمریکای بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دوپاتكردۆتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی پێشوازی لەکۆڵۆنێڵ فیتزگیڕاڵد، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەهەرێمی کوردستان کردو وەزیری پێشمەرگە ڕۆڵی گرنگی هێزەکانی هاوپەیمانان و لەناویشیاندا هێزەکانی ئەمریکا لەپاڵپشتی و پشتیوانیان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پرۆسەی چاکسازی بەرزنرخاند.
لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، وەزیری پێشمەرگە ستایشی ڕۆڵی باڵای ئەمریکاو هاوپەیمانای كردوە بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، وەزیری پێشمەرگەو فەرماندەی هاوپەیمانان باسیان لەدۆخی ئەمنی ناوچەکە و دوایین گۆڕانکارییەکان کرد - بە تایبەتی پرسی ئێستای سوریا و ڕۆژاڤای کوردستان، پێویستی هاوپەیمانان و ئەمریکا لەچاودێری دۆخی سوریاو جێبەجێکردنی ڕێکەوتنامەکەیان و ڕێگریکردن لە دوبارەبونەوەی هەر هێرش و پەلامارێک، لەگەڵ پاراستنی مافەکانی کورد لەچوارچێوەی دەستورێکی هەمیشەییدا.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، کۆڵۆنێڵ فیتزگیراڵد، دوای ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی، بەردەوامی پاڵپشتی و پشتیوانیەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دوپاتکردەوە.
