مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەڕەشەی توند دەکەن

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 315 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی دواکەوتنی موچەوە، ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی  داواکارییەکی پێنج خاڵی ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکەن، هاوکات هەڕەشەی توند دەکەن و دەڵێن،" چۆن لە ئاستی (کەزی-بڕین) بێدەنگ نەبوین؛ لەئاست موچەبڕینیش بێدەنگ نابین ".


ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" وەک ئاگادارن موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 10 ساڵە بەهۆی بڕیار و سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتدارانی تاڵانچی هەرێم، لە دۆخێکی دارایی و ئابوریی سەختدا دەژین، بەڵام دوای دەرچونی بڕیاری دادگای فیدراڵی و ڕێککەوتنی نەوتیی نێوان هەرێم و بەغدا؛ ئومێدێک هەبوو کێشەکان بەرەوچارەسەر بچن ".

ئەوەشخراوەتەڕوو،" بەداخەوە بەهۆی بێباکی و خەمساردی دەسەڵاتدارانی شکستخواردوو و تاڵانچیی هەرێم؛ کێشەکانی دواکەوتن و دابەشنەکردنی موچە، نەک درێژەیان هەیە و تا ئێستا چارەنەکراون، بگرە زیاتر و قوڵتر بونەتەوە ".

ئەنجومەنی مامۆستا و فەرمانبەرانی نارازی باسیان لەوەشکرد،" ئێمە ئومێدەواربوین دوای ئەو کۆدەنگییە نەتەوەییەی بۆ پرسی ڕۆژئاوا دروستبوو؛ پاش ئەوەی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و تاراوگە، ئەرکی نەتەوەیی خۆیان زۆر بەباشی جێبەجێکرد، دەسەڵاتدارانی هەرێم، بە خۆیاندا بچنەوە و ئاوی حەیای دڵسۆزی و قوربانیدانی ئەم میللەتە بەشمەینەتە، ئیستێک بە بێمۆراڵی و بەدکارییان بکات؛ بە جۆرێک لەئاست شکۆ و قوتی مووچەخۆراندا، وەخۆ بکەون و کارژی بێباکی و تەماعکارییان فڕێبدەن؛ بەڵام وەک دەبینین دەسەڵاتدارانی بەکرێگیراو و قومارکەر بە چارەنوسی گەل، تا بێت بێباکتر و ملهوڕتر دەبن و لە ئەفراندن و دابەستەکردنی تەواوی قەیران و کێشەکان و نەدان و دزینی موچەدا، خەنیی و شاگەشکەن، کە هیچ جەلادێک لە مێژوو و ئێستادا ناتوانێت شان لە شانیان بدات ".

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی چەند داواکارییەک ئاراستەی حکومەت دەکەن، کە بریتین لەمانە

یەکەم: پشتیوانی هەموو هەڵوێستێکی مامۆستایان دەکەین؛ لەپێناو ڕەتکردنەوەی سیاسەتی برسیکردن و دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچە.

دووەم: پێویستە بەزووترین کات، بڕیاری بەناو وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ ڕاگرتنی مووچەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی (هەژماری من)ی دەسەڵاتدارانیان پڕنەکردووەتەوە هەڵبووەشێتەوە.

سێیەم: پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی شارستانیی دەستپێبکاتەوە؛ کە بە نایاسایی و نائەخلاقیی چەندین ساڵە ڕاگیراوە.

چوارەم: چارەنووسی مووچەی مانگەکانی (١١ و ١٢) ساڵی ڕابردوو یەکلایی بکرێتەوە، کە دەسەڵاتی ماوەبەسەرچوو تاوانباری یەکەمە لە دیزەبەدەرخۆنەکردنی.

پێنجەم: بەهەمیشەییکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە تەواوی دامودەزگا حکومییەکاندا.

لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە،" لە کۆتاییدا، داواکارین مامۆستایان و فەرمانبەران و هاووڵاتییان، لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانمان؛ ساز و ئامادەبن بۆ هەڵویستی توند و سەرتاسەریی دژی دواکەوتن و دزینی موچەکانمان، دڵنیابن چۆن لە ئاستی (کەزی-بڕین) بێدەنگ نەبوین؛ لەئاست مووچەبڕینیش بێدەنگ نابین ".