مەسرور بارزانی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە پەیامێك بۆ یەكێتی دەنێرێت

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 10416 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە دەڵێت،  تاكە لایەنێك كە خاوەنی زۆرینەش نییە نابێت بلێت تەنها من كاندیدی سەرۆك كۆمار دیاری دەكەم".


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكەناڵی ڕوداو ی نزیك لەپارتی ڕاگەیاند،"حزبێك ناتوانێت پۆستێك قۆرغ بكات، ئەگەر هەڵبژاردنی بردوەتەوە ئەوە مافی خۆیەتی".

لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە، دوو پێشنیاز ئاشكرادەكات و دەڵێت،" یان دەبێت پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێك بكات و لەو (9) كاندیدەی خۆیان كاندید كردوە كامیان زۆرینەی هێنا ببێتە كاندیدی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، یاخود ئەندامانی كورد لەپەرلەمانی عێراق دەنگدان بكەن بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكە.

مەسرور بارازنی جەختیش دەكاتەوە،  پارتی زۆرینەی دەنگی كوردستانی بەدەستهێناوە مافی خۆیەتی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاریبكات و دەشڵێت،" ئەگەر واز لەم مافە بهێنێت تەنها بۆ كاندیدێك دەبێت كە كۆدەنگی نیشتمانی لەسەربێت و كاندیدی هەموو خەڵكی كوردستان بێت نەك تاكە لایەنێك".

لەبارەی حكومەتی نوێی هەرێمیشەوە، دەڵێت،" بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمیش دەبێت ڕێز لەدەنگ و ئیرادەی خەڵك بگیرێت".

لەبارەی گفتوگۆكانیان لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی مەسرور بارزانی وتی،" لەگەڵ یەكێتی هەنگاوی باشمان بڕی بەڵام دواتر نەهاتنە پێشەوەو كێشە بۆ پێكهێنانی حكومەت دروست بوو".

ئەوەشی ئاشكراكرد، كە گفتوگۆكان بەردەوامن بەڵام بنەمایەك هەیەو دەبێت رێز لەدەنگ و ئیرادەی خەڵك بگیرێ و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەبەرچاو بگیرێ".