دیمەشق دەست بەدەرکردنی فەرمانبەران لەفەرمانگە حکومییەکان دەكات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1246 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپریس:
سەرچاوەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاندوە کە کۆمپانیای گشتیی کارەبا ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای حەما و چەند بەشێکی دیکەی دەرکردوە، کە تەنیا لەشاری سەلمییە 15 فەرمانبەری تائیفەی ئیسماعیلی عەلەوی دورخراونەتەوە.

 
سەرچاوەکان باسیان لەوەکردووە، ئەم فەرمانبەرانە سەرەڕای ساڵانێکی زۆر لە خزمەتی بەردەوام و هەبوونی پسپۆڕی وردی تەکنیکی، بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی یان پێوەرێکی پیشەیی لە کارەکانیان لادراون.

دەشڵێت:  هەندێک لە دەرکراوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کۆمپانیاکە بە مەبەست ڕێگری لە وەرگرتنی مۆڵەتە یاساییەکانیان کردووە و دواتر نەهاتنیانی کردۆتە بیانوو بۆ دەرکردنیان.

باسی لەوەشکردووە کە هاوکات لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای لازقییەش ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەرانی خاوەن ئەزموون کە خزمەتی هەندێکیان لە 20 ساڵ تێدەپەڕێت، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

دەشڵێن بڕیارەکان بە شێوەیەکی نائاسایی و لە کاتژمێر 2ی نیوەشەودا دەرکراون، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی باری ئابووری سەختی وڵات یان مافە یاساییەکانیان بکرێت. چالاکوانانی مافی مرۆڤیش ئەم کارە بە دەرکردنێکی زۆرەملێیانە و پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و فەرمانبەران دادەنێن .