جەنگ لە 5 قۆناغدا.. ئێران پلانی سەرکەوتن بەسەر ئەمریکا ئاشکرا دەکات

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1613 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە عومان بۆ ڕێگری لە پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامن، تاران لە ڕێگەی میدیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە نەخشەی جەنگێکی گشتگیری ئاشکرا کردووە کە ئامانج لێی بەرەنگاربوونەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا و شڵەژاندنی ئابووری جیهانە.

 ئەم پلانە پێنج قۆناغییە نیشان دەدات کە ئێران دەیەوێت جگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک چەکێک دژی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی واشنتۆن بەکاربهێنێت، بە تایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هۆشداری توندی دایە ڕێبەری باڵای ئێران کە پێویستە بە شێوەیەکی جددی نیگەران بێت.
سەرەتای ئەم سیناریۆیە بە هێرشی ئاسمانیی و موشەکیی چڕی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران دەست پێ دەکات، کە پێشبینی دەکرێت لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییە نهێنییەکان و موشەکە زیرەکەکانەوە بێت.
لە بەرامبەردا تاران باس لەوە دەکات کە لە ڕێگەی قایمکارییەکانی ژێر زەوی و گۆڕینی دۆخی سەربازی لە بەرگرییەوە بۆ هێرش، ئامادەی وەڵامدانەوەیە.
لە قۆناغی دووەمدا، ئێران پلانی هەیە مەیدانی جەنگەکە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی بگوازێتەوە و بە سەدان موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وەک "شاهد 136" و "خەیبەر شوکەن" هێرش بکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بە تایبەت بنکەی "عەدید" لە قەتەر.
 هاوکات تاران پشت بە "بەرەی مقاوەمە" دەبەستێت، بە جۆرێک حیزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەرەی نوێ دەکەنەوە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پەرتەوازە بکەن.
جەنگی ئەلیکترۆنی قۆناغی سێیەمی ئەم ململانێیەیە، کە تێیدا ئێران هەوڵ دەدات ژێرخانی وزە و سیستەمی دارایی و گواستنەوەی ئەمریکا پەک بخات، هەرچەندە واشنتۆن لەم بوارەدا خاوەنی باڵادەستییەکی تەکنەلۆژیی گەورەیە و دەتوانێت سیستەمی پەیوەندیی و موشەکییەکانی ئێران تێک بدات.
مەترسیدارترین بەشی پلانەکە لە قۆناغی چوارەمدایە کە پەیوەستە بە شڵەژانی بازاڕی وزە، ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات کە ڕۆژانە نزیکەی 21 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ زیاتر لە 200 دۆلار، کە فشارێکی کەمەرشکێن دەخاتە سەر ئابووری جیهان و هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکان.
لە کۆتاییدا، تاران گرەو لەسەر جەنگی "ماندووکردن" دەکات. ئێرانییەکان پێیان وایە ئەمریکا دوای ئەزموونی ئەفغانستان و عێراق، توانای بەرگەی جەنگێکی درێژخایەنی نییە.
 ستراتیژیی ئێران لەسەر بنەمای سەرکەوتنی سەربازیی ڕەها نییە، بەڵکو دەیەوێت تێچووی جەنگەکە بۆ واشنتۆن هێندە بەرز بکاتەوە کە ناچار بە کشانەوە یان قبوڵکردنی مەرجەکانی تاران بێت، هەرچەندە ئەم سەرکێشییە مەترسی تێکچوونی تەواوەتی ژێرخانی ئێرانیشی لەسەرە ئەگەر ئەمریکا هەموو هێزی خۆی بەکاربهێنێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی