شارپرێس:
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران پێش دەستپێكردنی گەڕی دووەمی گفتوگۆكان لەگەڵ ئەمریكاـ ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە نەرمی بنوێنێت و سازش بکات بۆ گەیشتن بەرێککەوتن، بەڵام بەو مەرجەی ئەمریکییەکان ئامادەی گفتوگۆبن لەسەر لابردنی سزاکان.
مەجید تەخترەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بی بی سی ڕایگەیاند،" تۆپەکە لەگۆڕەپانی ئەمریکایە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، ئەگەر ئەوان دڵسۆز بن، دڵنیام ئێمەش دەکەوینە سەر ڕێڕەوی رێککەوتن."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، ئامادەن گفتوگۆ لەسەر دابەزاندنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بکەن کە ئێستا گەیشتوەتە %60 بەڵام جەختی کردەوە، دۆسیەی پیتاندنی سفر چیتر لەسەر مێزنییەو ئەوە قبوڵ ناکەن،
لەكاتێكدا پێشتر دۆناڵد ترەمپ کە ڕایگەیاند، نایانەوێت هیچ پیتاندنێک هەبێت.
پەیوەست بە گواستنەوەی یۆرانیۆم بۆ دەرەوەی وڵات وەک ئەوەی لەڕێککەوتنی 2015 کرا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "هێشتا زوە بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت".
ئەمەش دوای ئەوەدێت، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لەجنێڤ گەڕی دوەمی دانوساندنەكان بەڕێوەبچێت.