سیستمی ئەسیكۆ داهاتی عێراق زیاددەكات

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 147 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەری پڕۆژەی سیستەمی نیشتمانیی ئەسیکۆدا ڕایگەیاند، جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە شۆڕشێکی نوێی لەکارە گومرگییەکانی عێراقدا دروستکردوەو بوەتە هۆی زیادبونی چاوەڕواننەکراوی داهات.


محەممەد مازن، بەڕێوەبەری پڕۆژەی سیستەمی نیشتمانی ئەسیکۆ بەڕۆژنامەی سەباحی حکومی ڕایگەیاندوە،"بەهۆی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆوە، داهاتە گومرگییەکان بەڕێژەی 114% زیادیان کردوە، هاوکات کارایی و خێرایی راییکردنی مامەڵەکان بە رێژەی 200% بەرزبوەتەوە".

محەممەد مازن جەختی لەوە کردوەتەوە، عێراق بەتەواوی کارکردنی کاغەزی لەڕێکارە گومرگییەکاندا وەلاناوەو سیستەمەکە بەتەواوی بوەتە ئەلیکترۆنی، وتیشی،" ئەم گۆڕانکارییە بوەتە هۆی سادەکردنەوەی ڕێکارە یاساییەکان، کەمکردنەوەی رۆتین، رێگریکردن لەبەفیڕۆدانی سامان و بەهێزکردنی شەفافیەت".

لەبارەی وردەکارییە تەکنیکییەکانەوە، ئاماژەی بەوە کردوە، سیستەمەکە بەستراوەتەوە بەبانکی ناوەندیی عێراق و سیستەمی جیهانیی (سویفت) بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکانی پارەدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی.

پڕۆژەی ئەسیکۆ بەهاوکاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی حکوومەتی عێراق پەرەی پێدراوە، بەجۆرێک کە لەگەڵ یاسا کارپێکراوەکان و سیاسەتە ئابورییەکانی وڵاتدا بگونجێت.