بەر لەدەستپێکردنی گەڕی دوەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا، نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان دابەزی

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 77 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ دووشەممە، بازاڕەکانی نەوت جۆرێک لە سستییان بەخۆوە بینی پێش دەستپێکردنی گەڕی دووەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، سەرەڕای ئەم سستییە و بەهۆی مەترسییەکانی پەککەوتنی گواستنەوەی نەوت لە ئەنجامی گرژییەکان، نرخەکان تا ڕادەیەک بە جێگیری مانەوە.

 
 لە لایەکی دیکەوە، پێشبینی دەکرێت هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس لە مانگی نیسانەوە دەست بە زیادکردنەوەی بەرهەمهێنان بکات بۆ وەڵامدانەوەی خواست لە وەرزی هاویندا.

نرخی گرێبەستە ئایندەییەکانی خاوی برێنت بە ڕێژەی 3 سەنت دابەزی و گەیشتە 67.72 دۆلار، هەروەها خاوی تەکساس بە هەمان ڕێژە دابەزی بۆ 62.86 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

هەفتەی ڕابردوو هەردوو پێوەرەکە دابەزینیان تۆمار کرد؛ برێنت بە ڕێژەی 0.5% و تەکساس بە ڕێژەی 1% پاشەکشەیان کرد، ئەمەش دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کە ئاماژەی بە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دابوو.

شیکەرەوەکان پێیان وایە ئەم بێدەنگییەی ئێستا "بێدەنگی پێش زریانە"، چونکە هەردوولا لەسەر هێڵە سوورەکانیان سوورن و ئەمریکاش هێزی سەربازی زیاتری ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.
 هاوکات، پشووەکانی چین و کۆریا و تایوان بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی چالاکییەکان لە بازاڕە داراییە جیهانییەکاندا.