شارپرێس:
خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، تواناکانی کۆماری ئیسلامی لەسەرکوت؛ خەڵک و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی وڵات؛ هاوکێشەکانی کۆمەڵگەی جیهانی و دەوری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل؛ و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و بابەتی جێگرەوەی ئەم ڕژێمە ڕۆڵیان لەداهاتووی ئێراندا هەیە.
وتەبێژی حیزبی دیموکرات لەلێدوانێکدا دەڵێت، حیزبی دیموکرات هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕە بووە کە ئەوە خەڵکی ئێرانن دەبێ چارەنووسی ئەم ڕژێمە یەکلا بکەنەوە و ناکرێ خەڵک چاوەڕوانی ئەوە بن کێ لێی دەدات و کەی لێی دەدات؟ مەسەلە ئەوەیە هەم لە کوردستان و هەم لە بەشەکانی دیکەی ئێران دەبێ لەو قۆناغە تێپەڕین و سەرکەوتنی یەکجاری بەسەر کۆماری ئیسلامی کاتێک دێتە دی کە ئاڵتەرناتیڤی کۆماری ئیسلامی لە گۆڕەپانی خەباتە مەیدانییەکەدا بێت.
خالید عەزیزی لەبارەی ئاڵتەرناتیڤی کۆماری ئیسلامی دەڵێت، ئێمە وەک حیزبی دیموکرات بەپێی ئەو سیاسەتەی هەمانە، دوژمنایەتیی هیچ لایەنێکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن و دژبەری ئەم ڕژێمە ناکەین.
ئەو لێدوانە لەکاتێدایە لەنێو ڕایگشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەنگاوەکانی ئایندە لەبارەی سەربەخۆیی، فیدڕاڵی و چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی وەک موجاهیدین و ڕەزا پەهلەوی جێنشینی پێشووی ئێران، چەندین بۆچوون هاتونەتەئاراوە.
ئامادەیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتێکشان و حیزبی دیموکرات بۆ نزیکایەتی و گفتوگۆ لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی و ئۆپۆزسیۆنی ئێران ڕووبەڕووی شەپۆلێک ڕەخنەی تووند بووەتەوە.
