شارپرێس:
لەکاتێکدا بازاڕەکانی جیهان چاویان لە200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستانە، ململانێیەکی بێدەنگ لەپشت پەردەکانەوە لەنێوان هەولێر، بەغداو واشنتۆن لەئارادایە، ئەمجارە کێشەکە تەنها نەوت نییە، بەڵکو وهكو سهرچاوهكان باسیدهكهن، شەڕی مانو نەمانی ئابورییە.
بهگوێرهى زانیارییەکان، واشنتۆن بەتوندی هاتوهتەسەرخهتو فشار لەبەغداو هەولێر دەکات بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، ئامانجهكانی ئەمریکاش ڕونە كه خۆیان دهبیننهوه لههێورکردنەوەی بازاڕی وزە، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەمجارە نایەوێت بەبێ گەرەنتی، دەستبەرداری تاکە کارتی دەستی بێت.
زانیارییهكان ئاماژه بهوهدهكهن، مهسرور بارزانى سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەنوسراوێکی فەرمیدا بۆ محەمەد شیاع سودانی سهرۆك وهزیرانى عێراق، مەرجێکی یەکلاکەرەوەی داناوە كه دهڵێت، "نەوت دەنێرین، بەڵام دەبێت گەمارۆی سەر دۆلارو بازرگانیی لەسەر هەرێم هەڵبگیرێت".
شرۆڤهكاران پێیانوایه، هەولێر دەیەوێت لەڕێگەی ئەو ڕێککەوتنەوە، سیستمی دارایی خۆی لەو دڵهكوتێیه ڕزگاربکات کە بەغدا بۆی دروستکردوە، هەرچەندە هەرێم ڕەزامەندی لەسەر سیستمی گومرگی (ئەسیکۆدا) نیشانداوە، بەڵام وەک دەوترێت "شەیتان لەناو وردەکارییەکاندا خۆی حەشارداوە"و سودانیش تائێستا بێدەنگی هەڵبژاردوە.
بەرپرسانی هەرێم نیگەرانییەکی قووڵیان هەیەو دەڵێن، بەغدا تەنها چاوی لەنەوت نییە، بەڵکو دەیەوێت لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی بازرگانی دەرەکی، دواین هەناسەکانی سەربەخۆیی هەرێم ببڕێت، لەبەرامبەردا، بەغدا جەخت لەسەر یەکخستنی دارایی عێراق دەکاتەوە.
ئهوهى ماوهتهوه بهبڕواى چاودێران ئهوهیه، ئاخۆ بەغدا بۆ ڕازیکردنی ئەمریکا مل بۆ داواکارییەکانی هەولێر کەچدەکات؟ یان فشارە ئابورییەکان بۆ سەر هەرێم توندتر دەبن؟ ڕۆژانی داهاتوو دەریدەخەن کە ئایا نەوت دەبێتە پردی پەیوەندی یان دەبێتە هۆی داڕمانێکی دیكهى سیاسیی لەنێوان هەردوو پایتەختەکەدا.
