نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران: ڕێگەنادەین خاكی هەرێم ببێتە هەڕەشە بۆتان

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 243 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لەشەڕ و ململانێکانی ناوچەکە و دەشڵێت،" سەرکۆنەی هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەكەین و داوا لەبەغدا کرا ڕێگرییان لێبکات.

 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، بەئامادەبونی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆک، سەرپەرشتیی کۆبونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد.
 
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەکۆبونەوەکەدا کە وەزیرانی پێشمەرگە، ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگەو فەرماندە باڵاکان ئامادەی بون، بەوردی تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕو کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
 
نێچیرڤان بارزانی لەکۆبونەوەکەدا دوپاتی کردەوە،"هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لەشەڕو ململانێکان و پاراستنی ئارامیی وڵات لەپێشینەی کارەکان دەبێت".

هەروەها جەختی کردەوە،"بەهیچ شێوەیەک رێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکەی دراوسێ".
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە تایبەت بوو بەهێرشەکانی ئەم دواییە؛ تێیدا "بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرانە کرا کە لەلایەن گروپە لەیاسادەرچوەکانی عێراقەوە بەدرۆن و موشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زیانی گیانی و ماڵییان لێکەوتوەتەوە."
 
لەو چوارچێوەیەدا جەخت کرایەوە کە "حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیارە لەوەی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی".
 
لەکۆبونەوەکەدا، چەندین بڕیارو ڕێنمایی بۆ پتەوکردنی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان، هەروەها شێوازی مامەڵەکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەگەڵ ڕوداو و پێشهاتەکان دەرچون.